ڕەئیسی بە فەرمی وەک براوەی هەڵبژاردن دیاری کرا

ڕەئیسی بە فەرمی وەک براوەی هەڵبژاردن دیاری کرا

پەیامی کورد … ڕەئیسی بە فەرمی وەک براوەی هەڵبژاردن دیاری کرا

 

ئەمڕۆ شەممە سەرۆکی ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران بە فەرمی رای گەیاند، ئیبراهیم ڕەئیسی لەکۆی ٢٨ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دەنگ زیاتر لە ١٧ هەزار دەنگی هێناوە و براوەی هەڵبژاردنی سەرکۆمارییە.

 

بەپێی زانیاریی ماڵپەڕی (میهر) جەمال عورف، سەرۆکی ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران ئاشکرای کردووە بەپێی زانیارییە سەرتاییەکان پرۆسەی جیاکردنەی دەنگەکان هێشتا بەردەوامە و هەتا ئێستا ئیبراهیم ڕەئیسی ١٧ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگ، موحسن ڕەزایی زیاتر لە سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دەنگ، عەبدولناسر هێمەتی دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دەنگ، هەروەها ئەمیرحوسێن قازی زادە هاشمی نزیکەی یەک ملیۆن دەنگیان مسۆگەر کردووە.

 

بەپێی هەواڵی میدیا فەرمییەکانی ئێران، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی سەرەتایی حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران، سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی براوەی هەڵبژاردنی کردووە و پیرۆزبایی لێ کردووە.

 

لە ئێران پۆستی سەرکۆماری دوای ڕێبەر باڵاترین پۆستی سیاسیی وڵاتە و بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژیردرێت و هەتا ئێستا ئەم حەوت کەسە پۆستی سەرکۆماریی ئێرانیان هەبووە: ئەبوولحەسەن بەنی سەدر، محەمەدعەلی ڕەجایی، عەلی خامنەیی، ئەکەبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، محەمەد خاتەمی، مەحموود ئەحمەدی نەژاد، حەسەن ڕۆحانی.

 

دوێنێ هەینی 18/6/2021 سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران و ئەنجوومەنی شار و گوندەکان لە هەزار و ٣٧٢ شار و ٤٣ هەزار و ٦٢٠ گوند، ڕێکەوتی ١٨ی٦ی٢٠٢١ بەڕێوە چوو.

 

بەپێی ئاماری فەرمیی ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران، لەو وڵاتە زیاتر لە ٥٩ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام بەپێی زانیاریی میدیاکانی دەرەوە و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، ڕێژەی ەبشداریی خەڵک لەم خولەی هەڵبژاردندا زۆر کەم بووە و بەهۆی بارودۆخی ئابووری و بێکار و قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکە خەڵک هەڵبژاردنیان بایکۆت کردووە.

 

ئیبراهیم رەئیسی، لەدایکبووی 1960 مەشهەدە و ساڵی 1985 بووەتە جێگری داواکاری گشتیی تاران. ساڵی  1989 تا 1994 بووەتە سەرۆکی داواکاری گشتیی ئێران لە تاران. لە ساڵی 1994 تا 2004 بووەتە سەرۆکی دەزگای پشکنین و چاودێری گشتی. ساڵی 2007 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایان. لە ساڵی 2004 تا 2014 بووەتە جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران. ساڵی2014 تا 2016 بووەتە داواکاری گشتیی ئێران، ساڵی 2017 خۆی کاندید کرد بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران. ساڵی 2019 بووەتە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە