یەکیتی ... با گۆڕان و لایەنەکانی دیکە چاو لە ئێمە بکەن

یەکیتی ... با گۆڕان و لایەنەکانی دیکە چاو لە ئێمە بکەن

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێکی سیاسیی کوردستانی بە ”دۆڕاو“ دەزانێت و داوایان لێ دەکات، ”بەرگەی شکستەکەیان بگرن“.

بەختیار شاوەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پەرلەمانتاری ئەو حزبە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان ”دڵی گەرمە“ بۆیە کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی ناکات، بەڵام ئەو بارودۆخە ئاسایی دەبێتەوە و ھەمووان لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشن.

ڕوونیشی کردەوە: ”جاری وا ھەبووە، پەیوەندیی لایەنەکان زۆر لەوە خراپتر بووە، بەڵام پەیوەندییەکە ئاسایی بووەتەوە، بۆیە ئێمە تەحەمولی ئەو بارودۆخەی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەین“.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی نەیشاردەوە کە دوورەپەرێزییەکەی گۆڕان ”کارێکی باش نییە“، چوونکە ھەموو جۆرە بارگرژییەک بۆ ئایندەی کوردستان خراپە، بەڵام ”پێویستە ئەو حزبانە تەحەمولی شکستی خۆیان بکەن، چوونکە جاری وا ھەبووە لە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا دەنگەکانمان کەمی کردووە، بەڵام یەکێتی تەحەمولی دەرەنجامەکانی کردووە و بەگیانێکی دیموکراسی مامەڵەی لەگەڵ ئەنجامەکان کردووە“.

بەختیار شاوەیس لە کۆتایی قسەکانیدا نەیشاردەوە، بە باشی دەزانێت: ”بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی دیکە، چاو لەیەکێتی بکەن، بۆ ئەوەی کە تووشی شکست ھاتن، تەحەمولی دۆڕانەکە بکەن و ڕێز لە دیموکراسی بگرن، یان بەرنامە دابنێن بۆ ئەوەی هەڵسنەوە“.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە