توركیا ناوچە سنورییەكانی هەرێم تۆپباران دەکات

توركیا ناوچە سنورییەكانی هەرێم تۆپباران دەکات

تۆپبارانكردنی ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن سوپای توركیاوە دەستیپێكردەوەو بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكانیش داوا لە دانیشتوانی ژمارەیەك گوند دەكات، ماڵەكانیان چۆڵ بكەن و ڕاشیدەگەینێت: لەكۆی ڕوداوەكان سەرووی خۆمان ئاگاداركردۆتەوە.

ئیحسان عەبدولقادر، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان، له‌لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند: كاتژمێر 6:15 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ 5ی 4ی 2018، لەلایەن تۆپخانەكانی سوپای توركیاوە، هەریەك لەگوندەكانی بێسنۆك و كیادێل و كەندەگەڵی لەسنووری ناحیەكەمان كراونەتە ئامانج.

وتیشی:” بەهۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان و خۆپاراستنیان لەو بۆردومانە، سەرجەم دانیشتوانی هەردوو گوندی خەلیفان و لێكتان، كە نزیكن لەشوێنی بۆردومانەكان، ناوچەكەیان چۆڵكردوەو لەگوندەكانیان هاتونەتە دەرەوە”.

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان داواشی لە دانیشتوانی ئەو گوندانە كرد كە دوچاری بۆردومانی توكریا بوونەتەوە، بە زووترین كات شوێنەكانیان جێبهێڵن و راشیگەیاند:” ژیانی خۆیان لەماڵەكانیان پیرۆزترو گرنگترە، بۆیە داوادەكەین گوندەكانیان چۆڵ بكەن، تا كۆتاییهاتنی تۆپبارانەكان”.

ئاشكراشیكرد: سەرووی خۆمان لەكۆی ڕووداوو زانیارییەكان ئاگاداركردۆتەوەو تا ئێستاش تۆپبارانەكان هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتۆتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە