پەیامی کورد … كشتوكاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق: بڕینەوەی داری سنوورەكان دوژمنکارانەیە دژ بە مرۆڤایەتی
هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق داوا لە تورکیا دەکەن بڕینەوەی داری ناوچە سنوورییەکانی بادینان ڕابگرێت.
لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاماژەیان بەوەكردووە، “ئەو پرۆسەیە نەک هەر دوژمنکارییە بەرامبەر سروشت و ژینگەی عیراق و هەرێم، بەڵکو کارێکی دوژمنکارانەیە دژ بە مرۆڤایەتی و ژینگەی تەواوی ناوچەکە و هەموو جیهان، لەبەرئەوەی ژینگە سنووری نییە”.
هەردوو وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوەكەیاندا داوا لە تورکیا دەکەن ئەو کارە ڕابگرێت، داوا لەهەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکەن بەجدی كار بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە بكەن و وەڵامیان هەبێت.
لەهەمانکاتدا داواش لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەری وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکەن هاوکاریان بن “بۆ چارەسەرکردنی ئەم کارە دژ بەژینگەیە و پێویستە هەوڵی بنبڕکردنی بدرێ”.
لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا چەند وێنەیەک بڵاوكرانەوە و بەسترانەوە بە بڕینەوەی درەختەکان لە سنورەکانی هەرێم لەلایەن توركیاوە، بەهۆی ڕاکێشانی ڕێگاش لە باکووری کوردستانەوە بۆ سنورەکانی هەرێم، دارێکی زۆر لەلایەن سوپای تورکیاوە بڕاونەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە