نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى سه‌ربازی هاوپەیمانان كۆبووه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى سه‌ربازی هاوپەیمانان كۆبووه‌وه‌

پەیامی کورد     ...     نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى سه‌ربازی هاوپەیمانان كۆبووه‌وه‌

پاشنیوەڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/7/14  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ژەنه‌راڵ ڕیچارد بێڵ، جێگرى فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عیراق و سووریا و شاندێکى یاوەرى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى شه‌ڕى تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانى داعش له‌ عیراق و سووریا، هاریكارى و هه‌ماهه‌نگی پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عیراق و ئه‌ركى هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژى داعش تاوتوێ كران و هەڵسەنگاندنێکى واقعییان بۆ دۆخەکە کرد.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى سوپاسى پشتگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتى بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى داعشدا کرد و ئاماژەى بە گرینگی ڕاهێنان و مەشقپێکردنى پێشمەرگە لەلایەن هێزەکانى هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە کرد.

لاى خۆیەوە ژەنەراڵ بێڵ خۆشحاڵی خۆى بۆ هاریکارى و هەمەهانگی هێزەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان لە عیراق و هەرێمى کوردستان نیشان دا و هەماهەنگى و هاریکاری نێوان پێشمەگە و سوپاى عیراقیان بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش بە پێویست زانى.

هەردوولا لەسەر گرینگی و پێویستی هاریکارى و هەماهەنگی عیراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتى بۆ بنەبڕکردنى یەکجارەکی داعش و هاریکارى و هاوبەشى لەپێناو دابینکردنى ئارامى و سەقامگیرى لە عیراق و ناوچەکە، هاوڕا بوون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە