زانیاری نوێ سەبارەت بە قەدەغەی هاتن وچوون ڕاگەێندرا

زانیاری نوێ سەبارەت بە قەدەغەی هاتن وچوون ڕاگەێندرا

پەیامی کورد     ...    سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، زانیاریی نوێ لەبارەی ئەو رێكارانە ئاشكرا دەكات، كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دایانناوە و، باس لە قۆناغی داهاتووی رێكارەكانیش دەكات.

عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و ئەندامی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر، ڕایگەیاند : "قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا، چووەتە ئاستێكی دیكەوە، بە هۆی ئەو بەریەككەوتنە زۆرانە و لە دەرئەنجامی پشكنینیش دیارە كە رێژەكە زۆر زیاتر دەكات، وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستیش قۆناغی دەرئەنجامی كۆرۆنایان لە هەولێر بەرەو ئەو ئاراستەیە راگەیاند كە خراپترە لەوەی پێشبینی دەكرا، بۆیە بڕیار درا 48 كاتژمێر قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەندرێت، ئەمەش بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانە".

گوتیشی: "رێكاری نوێ دەگیرێنە بەر و ئێستاش وەزارەتی ناوخۆ سەرقاڵی وەرگرتنی پێشنیاز و بۆچوونەكانە لەلایەن پارێزگار و یەكە سەربەخۆكانەوە، كە دواتر رێنمایی نوێی پێ دەردەچێت، رەنگ بێت تەركیز لەسەر كاتی بازاڕ و ماركێتەكان بكرێت بەپێی كاتژمێر، كۆبوونەوەكانیش بەردەوامن بۆ ئەوەی بتوانین چۆنیەتی هەنگاوی داهاتوو دیاری بكەین، بەڵام لە ڕووی قەدەغەی هاتوچۆوە تووندتر دەبین، بەڵام بۆ پێداویستییەكانی خەڵك پێویستە بە دیلیڤەری بگەێنرێت، بۆ نانەواخانەكانیش رێكاری تایبەت دادەنرێت و ماركێتەكانیش بە دیلیڤەری پێداویستی بگەیننە ماڵەكان".

عەلی رەشید ئەوەشی خستەروو: "دەبێت خەڵك پابەندی رێنماییەكان بن و لە ماڵەكانیان نەچنە دەرەوە، چونكە بەراستی دۆخەكە خراپتر دەبێت ئەگەر پابەند نەبن و لە ئەمڕۆشەوە پلان و بەرنامەی ژووری ئۆپەراسیۆنەكان دادەڕێژرێتەوە، چونكە بەداخەوە دۆخەكە قۆزرابۆوە، بۆیە ئەمڕۆ دووبارە پلانی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكە دادەنرێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "خشتەی كات و شێوازی پێشكەشكردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی بۆ هاووڵاتیان پێویستن، ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كراون، بۆ ئەوەی كەمترین بەریەككەوتنی هاووڵاتیان هەبێت لە شوێنە گشتییەكانی وەكو دەرمانخانە و ماركێت و گومرگی سەوزە و میوە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە