پەیامی کورد ... باڵوێزخانەی ئەمریکا یادی کۆمەڵکوژی شەنگال دەکاتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە ماتیۆ تۆلەر باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا یادی كۆمەڵكوژییەكەی شنگالی لە ساڵی ٢٠١٤ كردووەتەوە، كە لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجام درا و رایگەیاند هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ دووبارە نەبوونەوەی كارەساتی شنگال.
لە بەیاننامەكەی باڵوێز ماتیۆ تۆلەردا هاتووە كە ئەمریكا دەچێتە پاڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە زیندوو ڕاگرتنی یادی كۆمەڵكوژییەكەی شنگال لە ساڵی ٢٠١٤ و ڕووداوەكانی بەدوایدا هاتن لە ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتیی ئێزیدی و پەنا بردنیان بۆ چیای شنگال.
تۆلەر ئاماژەی بەوە داوە كە ئەمڕۆ لە كاتێكدا دروود بۆ گیانی قوربانییانی ئەم ڕووداوە دەنێرن، هەموو هەوڵێكیش دەخەنەگەڕ بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە كارەساتانە.
باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق هەروەها دووپاتی كردووەتەوە كە پشتیوانی گەلی ئێزیدی دەبن لە عێراق و پشتیوانی هەموو عێراقییەكان دەبن، ئەوانەی كار بۆ هێنانەدی داهاتوویەكی گەشتر بۆ خۆیان و نەوەكانیان دەكەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە