PeyamaKurd - سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
دووشەممە، 2026/3/23 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە تۆم بێریندسن، وەزیری دەرەوەی هۆڵەنداوە پێگەیشت.
سەرەتا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی دەست بەکاربوونی لە بێریندسن کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ یارمهتی و هاوکارییە بەردەوامەکانی هۆڵەندا بۆ هەرێمی کوردستان لە هەموو کاتەکاندا، دووپات کردەوە.
هەردوولا دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، بیروڕایان گۆڕییەوە و بەتایبەتی تیشکیان خستە سەر لێکەوتە مەترسیدارەکانی شەڕ لەسەر ئارامی و سەقامگیری و دۆخى ئابوورى له ناوچەکە و جیهان. لەمبارەیەوە هاوڕا بوون کە پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ڕاگرتنی شەڕ و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشە و ناکۆکییەکان.
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا نیگەرانی ووڵاتەکەی و یەکیتی ئەورووپای لە ئەگەری فراوانبوونی زیاتری شەڕ و ململانێیەکان و لێكهوتهكانى دەربڕی، هەروەها جەختی لە پشتگیری ووڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.
كاریگهری شەڕ لەسەر هەرێمی کوردستان، پهیوهندییهكانى ههولێر ـ بهغدا، گرینگی دوورخستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕ و پەیوەندی و هاوکاری هاوبەشیان لەگەڵ هۆڵەندا، تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بوو.