پەیامی کورد … ئەنجوومەنی قوربانیانی سەردەشت: بەرکەوتووانی کیمیایی ناچارن کۆڵبەری بکەن
سەرۆکی ئەنجوومەنی داکۆکی لە مافی قوربانیانی کیمیایی سەردەشت دەڵێت، ژمارەیەک لە بەرکەوتووانی کیمیایی ئەو شارە ناچارن کۆڵبەری بکەن.
ساڵح عەزیزپوور ئەقدەم، سەرۆکی ئەنجوومەنی داکۆکی لە مافی قوربانیانی کیمیایی سەردەشت رایگەیاند، ئەو بەرکەوتووانەی لەلایەن دامەزراوەی شەهید و خاوەن پێداویستیی تایبەتی ئێرانەوە تۆمارنەکراون، هیچ جۆرە هاوکارییەکیان ناکرێت و ناچارن بە پارەی خۆیان دەرمانەکانیان بکڕن کە زۆربەی دەرمانەکانیش بیانین و نرخیان زۆر گرانە.
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی داکۆکی لە مافی قوربانیانی کیمیایی سەردەشت، ئەو بەرکەوتووانەی تۆمارنەکراون تەنانەت بیمەشیان نییە و بۆئەوەی بتوانن خەرجیی دەرمانی خۆیان دابینبکەن، ناچارن کۆڵبەری بکەن.
دامەزراوەی شەهید و خاوەن پێداویستیی تایبەتی ئێران تەنیا ناوی 450 کەسی وەکو بەرکەوتەی کیمیایی سەروو 25% تۆمارکردووە و هاوکاریی نەختی و تەندروستیی ئەو کەسانە دەکات. هەروەها ناوی هەزار و 50 کەسیشی وەکو بەرکەوتەی خوار 25% تۆمارکردووە کە هاوکاری ناکرێن.
ئەنجوومەنی داکۆکی لە مافی قوربانیانی کیمیایی سەردەشت دەڵێت، لانیکەم هەشت هەزار بەرکەوتەی کیمیایی لەو شارە تۆمارنەکراون.
زستانی رابردوو، وەفدێکی حکومی لە سەردەشت ناوی ئەو کەسانەی تۆمارکرد کە دەڵێن بەرکەوتەی کیمیایین و دەوروبەری 13 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمارکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا کاریان بۆ نەکراوە.
شاری سەردەشت ساڵی 1987 لەلایەن دەسەڵاتی بەعسی عێراقەوە بە چەکی کیمیایی بۆردوومانکرا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە