پەیامی کورد … كارەكانی گروپی 20 لە رۆما دەستی پێكرد
كۆبوونەوەی گروپی (20) ی وڵاتانی پیشەسازی جیهان كە لەلایەن ئیتاڵیاوە میواندارێتی دەكرێت لەشاری ڕۆما دەستی بەكارەكانی كرد.
لەم كۆبوونەوە لوتكەیەدا سەركردەكانی وڵاتانی خاوەن ئابورییە گەورەكانی جیهان تیشك دەخەنە سەرگرفتە هاوبەشەكانیان لە ناویاندا هاتنەوە سەرخۆ لە پاش پەتای كۆڕۆناو گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا.
فەرشی سوور لە نێوەندی كۆبوونەوەی لانوفلا لە ڕۆما راخرا لە كاتێكدا سەرۆك وەزیری ئیتاڵیا (مارییۆ دراگی) بەخێرهاتنی سەرۆكی ئەمریكا (جۆو بایدن) و ڕێبەرانی تری جیهانی كرد هاوكاتی ڕەچاوكردنی ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە (كۆڤید – 19).
ئەم كۆبوونەوەیە یەكەم كۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی ڕێبەرانی جیهانە لە ماوەی (2) ساڵی ڕابردوودا دوابەدوای كۆبوونەوەی ساڵی ڕابردوو كە ئەوەیان بە ڕێگای ئۆنڵاین بوو و عەرەبستانی سعودیە میوانداری كرد.
سەركردە بەرچاوەكانی كە لەم كۆبوونەوەیە ئامادە نین بریتین لە سەرۆكی ڕووسیا (ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكی چین (شی ژینگپینگ) و سەرۆكی مەكسیك (ئاندرێس مانوێڵ لۆپێز ئۆبرادۆر)، ئەمانە بە ڕێگای ئۆنلاین بەشدار دەبن وەك خۆیان دەڵێن بەهۆی گرفتەكانی پەتاكە لە وڵاتەكەیاندا.
پێشتر وەزیرانی تەندروستی و دارایی وڵاتانی گروپی 20 ڕاپۆرتێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوەو تیایدا دەڵێن وابەستەن بە هەوڵەكانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی پەتاكە لە هەموو شوێنێك بە زووترین كات، ئەوان وتیشیان: گروپی 20 هەموو هەنگاوێكی پێویست دەنێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە جیهانییەكانی كوتانی بەلایەنی كەم (%40) دانیشتوانی هەموو وڵاتان بە ڤاكسینی كۆڕۆنا هەتا كۆتایی ساڵی (2021) و (%70) ی دانیشتوان هەتا ناوەڕاستی ساڵی (2022) هەر وەك چۆن لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیاز كراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە