ئەمریکا ژمارەیەک چەکی قورسی ڕادەستی هێزی پێشمەرگە کرد

پەیامی کورد   ...   ئەمریکا ژمارەیەک چەکی قورسی ڕادەستی هێزی پێشمەرگە کرد

وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حکوومەت و سوپای ئەمریکا وەک بەردەوامی لە هاوکاری و پشتیوانییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە، ئەمڕۆ ژمارەیەک چەکی قورسی ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کرد.

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکاری سەربازی هاوپەیمانان و کونسووڵی ئەمریکا چەکی قورس ڕادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرا، هەر ئەمرۆش ئەو چەکانە ڕادەستی هەردوو هێزی پشتیوانی یەک و دووی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێن. 

سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هێزی پێشمەگەی کوردستان کە لەلایەن حکوومەت و سوپای ئەمریکاوە وەک بەردەوامی لە هاوکاری و پشتیوانییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە، کۆمەڵێک چەکی قورسیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە بە دڵنیاییەوە توانا سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و پێشمەرگەی کوردستان، دەگەێنێتە ئاستێکی بەرزتر، هیوادارین ئەریکا لەم جۆرە چەک و هاوکارییانە بەردەوام بێت، بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستە کە شەڕی تەکنۆلۆژی سەربازییە. 

وەزیری پێشمەرگە ووتیشی: هێزی پێشمەرگەی کوردستان چاوی لەوەیە ببێتە خاوەنی ئەو چەکە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووانە، ئەویش بە پشتیوانی و هاوکاری بەردەوامی هاوپەیمانان، لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا. 

ئاماژەی بەوەش دا: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە و تەواوی فەرماندەکانی کوردستان، سوپاسگوزاری حکوومەت و وەزارەتی بەرگری ئەمریکانە کە ڕۆڵی بەرچاوییان هەبووە لە هاوکاریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە.

شۆڕش ئیسماعیل ڕاشیگەیاند: سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سوپاسالاری عێراق دەکەین کە هەوڵی زۆر و ئاسانکاری زۆری دا تاکوو ئەم چەکانە بگەنە هێزی پێشمەرگە، ئەوەش دڵنیاکەرەوەیەکی دەستوورییە کە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکن لە سیستەمی بەرگری خاکی عێراق و دڵنیاییەکیشە بۆ هێزی پێشمەرگەی کە حکوومەتی فیدراڵ هاوشانی سوپای عێراق هاوکاری پێشمەرگە دەکات


ئەم بابەتە 12965 جار خوێندراوەتەوە