ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لە ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان دەکاتەوە

پەیامی کورد   ...   ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لە ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان دەکاتەوە

چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، کە میوانداری فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرابوو، ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی کار وچالاکییەکانی دەستە و دۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی خستەڕوو، لە هەمانکاتدا ڕەشنووسی نەخشەڕێگەیەکی پێشنیار کرد لەسەر ئاستی بەرپرسیارێتی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ لە ناویشیاندا ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدڕاڵ تایبەت بە ناوچە کوردستانیەکان لەبەر تیشک خستنە سەر ماددەی 140 ی دەستووری عێراق و کارکردن لە پێناو دیاریکردنی چارەنووسی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە ئاماژەی بە ڕێکاری هەنووکەیی و خێرا بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئیداری و ئەمنی و سەربازیی ئێستای ناوچە کوردستانییەکان و هەڵوەشاندنەوە و بەرگرتن لە ڕێکارە قبوڵنەکراوەکانی سیاسەتی بەعەرەب کردن کرد، ئەمەش پێش هەموو شت پێویستی بە یەک دید و هاوهەڵوێستی نیشتیمانی هەموو هێز و لایەنە کوردستانیەکان هەیە.

هەر لە میانەی ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی دەستە، ئاماژەی بە هەموو ئەو دۆخە دژوار و سەخت و ڕەفتارە نا دەستوورییانە كرد کە ئەم ناوچە کوردستانییانە دووچاری دەبنەوە لە ڕووی بەردەوامبوونی سیاسەتی بەعەرەبکردن و داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دەرکردنی هاونیشتمانییانی کورد لە سەر زێدی باب و باپیرانیان و هەموو ئەو پێشێلکارییانەی دژ بە خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچانە دەکرێن.
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ، دەستخۆشی لە سەرۆکی دەستە و هەموو کارمەندانی دەستە کرد بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەرفراوان و پڕ زانیارییە و خستنەڕووی ڕاستییەکان لە بارەی دۆخی سەختی ئەو ناوچانە، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ خۆڕاگری و لەخۆبردوویی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی کوردستانییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەربڕی و دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک ، دەستبەرداری ئەو ناوچە کوردستانییانە نابێت و داوا دەکات لە سەر بنەمای دەستوور کێشە و پێشێلکاری و دۆخی ناخوازراوی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێت.
دواتر جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆکی دەستە و هاوکارانی، پشتیوانی خۆی بۆ هێنانەکایەی نەخشەڕێگە و سیاسەتێکی نیشتیمانی و کوردستانییانە دەربڕی بۆ ناوچە کوردستانیەکان و کارکردنی جیددی لەسەر ئاستی دامەزراوەکانی هەرێم و فیدڕالیش بۆ بەجێ گەیاندنی بەرپرسیاریەتی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و دەستبەجێ ڕاگرتنی هەموو ئەو هەنگاو و ڕێکارانەی ئێستا دەگیرێنەبەر لەو ناوچانە کە هیچ خزمەت بە گیانی پێکەوە ژیان لەو ناوچانە ناکات.

ئەنجوومەنی وەزیران داوای کرد دۆخی ئەو ناوچە کوردستانییانە ئاسایی بکرێتەوە و کۆتایی بەو ڕەوش و دۆخە سەربازییە بهێنرێت کە بەسەر ئەو ناوچانە سەپێنراوە و هەموو پێشێلیکاری و دەستدرێژییەک بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کۆتایی یان پێ بێت و لە چوارچێوەی دەستوور و
بەتایبەتی ماددەی 140 كێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن.
لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی باڵای وەزاریی پێکهێنا بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی نەخشەڕێگەی دەستەکە بۆ ناوچە کوردستانییەکان و دانانی پلانی جێبەجێکردنی بۆ ئەو نەخشەڕێگەیە و دۆسیەی خاک، کە لەکارە لەپێشینەکانی حکوومەتە و داوای سەرەکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بووە و لەم پێناوەدا جەنگاوە و ئەرکی ئێمەیە بەردەوام بین لە داکۆکیکردن لەسەر ئەم ناوچانە و نابێت بە هۆی سیاسەتی سەرقاڵکردنی هەرێم بە بابەتەکانی دیکەوە، ئەم دۆسیەیە پشتگوێ بخرێت.
بڕگەی دووەم بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەبارەی خشتەکانی هاوپێچی یاسای بوودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2025-2024 کە لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ لەڕێکەوتی 2024/5/19
پەسەند کرا ئەمەش دوای کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هات لەگەڵ لیژنەی وەزاری فیدراڵ تایبەت بە تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم خشتانەوە، ڕاپۆرتەکە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و شاندی دانووستانکار خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی هەرێم کە دواجار پێداچوونەوەی پێویستی لە سەر خشتەکانی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئەنجامدا بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە هەمانکاتدا داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان کرا کە بە یەک دەنگ داکۆکی لە ماف و شایستەکانی هەرێم بکەن لە خشتەکانی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 و 2025. ئەنجوومەنی وەزیران، شاندی دانووستانکاری هەرێمیشی ڕاسپارد لە هەماهەنگی پێویستدا بن لەگەڵ پەرلەمانتارانی کوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و مافە دەستووری و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، چوونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و لە دوا هەنگاویشدا ڕۆژی 2024/5/26 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری بە نەقدی خستە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان، کاری جیددیش کراوە لەسەر ئاسانکاری بۆ بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم لە لایەن بانکی تی بی ئای وەک بانکێکی حکوومی فیدڕاڵی و داتا و زانیاریی پێویستی ژمارەیەک لە مووچەخۆرانی هەرێم ئاراستەی بانکەکە کراوە بۆ کردنەوەی حیسابی بانکیی بۆیان، هەروەها ڕاپۆرتی ووردبینی لیستی مووچەی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە تەواوکراون و ئاراستەی حکوومەتی فیدڕاڵ کران کە بەداخەوە زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان بەردەوام بن لە هەماهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێم و پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجی هەرێم بێ کەموکورتی و لە کاتی خۆیدا ، ڕەوانەی حکوومەتی فیدڕاڵ بکرێت و لە بەرامبەریشدا، حکوومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیاریەتی دەستووری خۆی بۆ ناردنی بەشی بوودجەی هەرێم بەجێ بگەێنێت و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوکێدا نەبن.

لە بڕگەی سێیەمدا، کوێستان محەمەد وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ڕاپۆرتێکی وەزارەتەکەی خستەڕوو کە تایبەت بوو بە برەودان بە سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی لاوان و پێشکەشکردنی ئاسانکاری زیاتر کە ئەم سندووقە پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژەی بچووک و مام ناوەند دابین دەکات لە چوارچێوەی پڕۆژەی (گەشانەوە) کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە لە پێناو دابینکردنی قەرزی ئاسان بۆ کارخوازان.
ئەنجوومەنی وەزیران وەک کارئاسانی بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە سوودمەند بوون لە وەرگرتنی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوودا، بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە ڕێژەی %20 لە کۆی گشتی بەرکەوتەکانی نەگەڕاوە ، دوای ئەوەی بەدواداچوون دەکرێت بۆ دۆسیەی ئەو سوودمەندانەی کە پڕۆژەکانیان سەرکەوتوو نەبووە بەهۆی هۆکاری بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆیان ،بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.
لە کۆتاییدا دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ونیشتەجێکردن ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕێگەو بانە سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و کاریگەری هاتووچۆی تانکەر و بارهەڵگرەکان و بەتایبەتیش ڕێگەوبانی نێوان هەولێر و سلێمانی خستەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ڕاسپارد بە هەماهەنگی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتاریەتی ئەنجوومەن و وەزارەتی دارایی وئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بۆ پێداچونەوە بەم دۆسیەیە لە ڕووی یاسایی و گرێبەستی پڕۆژەکانی ڕێگەوبان و میکانیزم وڕێکاری پەلەکردن لە تەواوکردنی پڕۆژەکانی دووسایدکردنی ڕێگەوبانی نێوان شارە سەرەکییەکان بە تایبەتی لە نێوان هەولێر و سلێمانی.

29 ئایار 2024


ئەم بابەتە 42815 جار خوێندراوەتەوە