به‌یاننامه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ەوە

پەیامی کورد   ...   به‌یاننامه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ەوە

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ڕایدەگەێنێت، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قۆناغی سێیەمی گەڕانەوەی ئاوارەکانی دەڤەری حەسەن شام دەست پێدەکات.

چوارشەممە ٧-٨-٢٠٢٤ وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەیاننامەیەکی لەبارەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی گوندی حەسەن شام بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قۆناغی سێیەمی گەڕانەوەی ئاوارەکانی دەڤەری حەسەن شام/ خازر جێبەجێ دەکرێت.

بە گوێرەی بەیاننامەکە، لەم قۆناغەدا (٢٦٦) خێزان کە (١٠٧)یان لە کەمپەکانی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان و (١٥٩) لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە گوندی حەسەن شام.

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: "ئەو خانەوادانە لە دوای ھێرشەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش، ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و چەندین ساڵە سەربەرزانە لە کەمپەکانی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا لەگەڵ کۆمەڵگەی خانەخوێ دەژین و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی توانا ھەموو خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانیان بۆ فەراھەم کردبوو. بەھۆی ئەوەی گوندەکانیان لە ژێردەستی داعش ژێرخانی ئابووری داڕمابوو، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ژیانکردنی لەناوچوو بوون، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان پێویستی بە پاڵپشتی حکوومەتی ئیتیحادی و بڕیاری ئارەزوومەندانەی خۆیان ھەبووە و ھەیە. لەم چوارچێوەیەدا، لە ‌قۆناغی ڕابردوودا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئاسانکارییەکی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی (٢٧١) خێزانی دیکەی ئاوارەی دەڤەرەکە کردووە و بۆ زێدی خۆیان گەڕاونەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆ ڕوونی دەکاتەوە، لە دوای گەڕانەوەی ئەو خێزانانە، جارێکی دیکە داوا لە دامەزراوە ئیتحادییەکان دەکەن کە ھەنگاوی کرداری بۆ فەراھەمکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ سنوورەکە دەست پێ بکەن،‌ تا ئەوانەی گەڕاونەتەوە ژیانێکی شەرەفمەندانە بژین و بە ھۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە جارێکی دیکە ئاوارە نەبنەوە. ھەروەھا دابینکردنی ئەمنیەت و خزمەتگوزاری گشتی، زەمینە بۆ گەڕانەوەی زیاتری ئارەزوومەندانە خۆش دەکات.

"لەم سۆنگەیەوە جەخت لەوە دەکەین کە ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی سیاسەتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ھەموو ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان." لەبەیاننامەکەدا وا ھاتووە.


ئەم بابەتە 12691 جار خوێندراوەتەوە