به‌ به‌شداری مه‌سروور بارزانی یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری چینی میللی به‌ڕێوه‌چوو

پەیامی کورد    ...   به‌ به‌شداری مه‌سروور بارزانی یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری چینی میللی به‌ڕێوه‌چوو

بە بەشداری مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ھەولێر یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری میللی چینی بەڕێوەچوو، لە ڕێورەسمەکەدا ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت دەڵێت: چین لە بارودۆخێکی سەختدا نوێنەرایەتی خۆی لە هەولێر کردەوە.

پێنجشه‌ممه‌، 19ـی ئه‌یلوولی 2024، له‌ هه‌ولێر و له‌ مەڕاسیمی یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری میللی چینی كه‌ مه‌سروور بارزانی تێیدا ئامادەبوو، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت بەناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە حکوومەتی چینی میللی کرد بۆ یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی ئەو کۆمارە.

ڕێبەر ئەحمەد ووتی: سوپاس بۆ حکوومەتی چین، بۆ هاوکاریی و هەماهەنگییەکانیان، بوونی نوێنەرایەتی چین لە هەرێمی کوردستان لە 2014 بڕیارێکی پڕ بەهایە، چوونکە کردنەوەی نوێنەرایەتی کۆماری میللی چین لە سەردەمی جەنگی دژی داعش ئاماژەبوو،بۆ گرینگیدانی ئەو ووڵاتە بە کوردستان، ووتیشی: چین چالاکانە کاری بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و تواناسازی و سەرچاوەی مرۆیی، ڕەخساندنی ئاڵۆگۆڕی کلتووری و زانستی کردووە.

ووتی: کردنەوەی بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەددین و زمانی کوردی لە زانکۆی پێکەن، نموونەی بەهێزی ئەو پەیوەندییانەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری میللی چینە.

ڕێبەر ئەحمەد ووتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە پەیوەندی ئابووری و بازرگانی و کلتووری و زانستی لەگەڵ نێردەی ووڵاتان بەهێز بکات ، بەتایبەت لە بابەتی تواناسازی و سەرچاوەی مرۆیی کە  زیاتر لە 300 کارمەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خولەکانی چین سوودیان وەرگرتووە.

ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد کە، زۆریک لە کۆمپانیاکانی چین لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، هاوکات بەرهەمەکانی چین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو هەن، هەروەها ئاماژەی بە ئاسانکاریی پیدانی ڤیزا بۆ خاوەنکار و بازرگانانی هەرێمی کوردستان کرد کە پەیوەندییە بازرگانییەکان بەهێزتر دەکات.


ئەم بابەتە 58624 جار خوێندراوەتەوە