بڕیاری نوێ سەبارەت بە کەمپی ئاوارەکان

پەیامی کورد   ...   بڕیاری نوێ سەبارەت بە کەمپی ئاوارەکان

بەڕێوبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان ئاشکرای کرد، لیژنەیەکی باڵا لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ لەبارەی پرسی ئاوارەکان پێکھاتووە و دەشڵێ: دەربارەی کەمپی ئاوارەکان بڕیاری نوێ ھەیە.

سروە ڕەسووڵ، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، لە لێدوانێكی تایبەتدا ڕایگەیاند : حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باوەڕی بەوەیە ئاوارەکان بەشێوەی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە و ھەموو لایەنەکان پێکەوە کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەكانیان، ئەو ھۆکارانەی بوونەتە ھۆی ئەوەی ئاوارەکان تا ئێستا نەتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ھەر لەسەرەتای دەرچوونی بڕیاری داخستنی کەمپەکانی ئاوارەکانی عێراقەوە، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و تێدا نیگەرانی حکوومەتی ھەرێمی دەربڕی لەوەی زیاتر لە ٩٧%ی ئاوارەکانی عێراق لە ھەرێمی کوردستانن و بە ھیچ شێوەیەک بۆچوونی حکوومەتی ھەرێم وەرنەگیراوە لەبارەی داخستنی کەمپەکانیان.

ئەوەشی خستەڕوو: لەکاتێکدا بڕیاری داخستنی کەمپی ئاوارەکان دەرچوو، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ یۆنامی و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە کۆتا ڕۆژەکانی پڕۆژەیەک بوون دەربارەی کێشەی ئاوارەکان، بەڵام بەداخەوە بڕیارێکی کتووپڕ دەرچوو بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان.

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان باسی لەوەشكرد: لە نووسراوەکەی وەزیری ناوخۆدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵ ھاوکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ کێشەی ئاوارەکان و چەند خاڵێک دیاری کرابوون، لەوانەش، جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی شنگال کە دەبێتە ھۆی گەڕانەوەی ٣٠٠ ھەزار ئاوارەی شنگال.

دەشڵێت: ھەموو لایەک دەزانێت، لە ڕەوشێکی وەک ئێستادا ھیچ کەسێک ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ شنگال، بەھۆی نا سەقامگیریی ڕەوشی شنگال و ھەبوونی ھێزی ناشەرعی لەو دەڤەرە، ھەروەھا دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانەی ئاوارەکان دەگەڕێنەوە، لەلایەکی دیکەوە چارەسەرکردنی کێشەی بەڵگەنامەی یاساییان نیە و بەھەزاران ئاوارە ھەن لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستا حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە بەڵگەنامەی یاسایی بۆ ئاوارەکان دەربکات.

لە ھەرێمی کوردستاندا ٣٣ کەمپ ھەیە و ٢٣ کەمپ تایبەتە بە ئاوارەکان و تەنیا ٢٠%ی ئاوارەکان لەناو کەمپەکان نیشتەجێن ٨٠%ی ئاوارەکانی عێراق لە دەرەوەی کەمپەکانن.

سروە ڕەسووڵ دەڵێ: بەر لە دوو هەفتە، نووسراوێکمان پێگەیشت كە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیارێکی دەرکردووە، لیژنەیەکی باڵا لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی كوردستان و فیدڕاڵ پێکھاتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکان، ھەموو ئەو خاڵانەی لە داواکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەبوون، لە نووسراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ کردوون، سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، کاریگەری زۆری ھەبووە لەسەر چارەسەرکردنی پرسی ئاوارەکان، لەبەر ئەوەی زۆرێک لەو بەربەستانەی ھەبوون لە بابەتی ئاوارەکان لە دوا سەردانی بۆ بەغدا سەرۆکی حکوومەت چارەسەری کردوون.


ئەم بابەتە 18851 جار خوێندراوەتەوە