بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێک دەکەوێتە واری جێبەجێ کردنەوە

پەیامی کورد   ...   بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێک دەکەوێتە واری جێبەجێ کردنەوە

بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک ئاسانکاری بۆ قوتابییانی ڕزگاربووی دەستی داعش دەکات، بە مەبەستی گەڕاندنەوەیان بۆ سەر پرۆسەی خوێندن.

پێنجشەممە، 18-07-2024، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا و بە ئامادەبوونی سێ ڕزگاربووی کوردی ئێزدی، باسی لە بڕیارێکی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی کرد کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی قوتابییانی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش بۆ سەر پرۆسەی خوێندن.

وەزیری پەروەردە ڕوونی کردەوە، لەبەر تیشک خستنە سەر بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، ڕزگاربووانی شاڵاوی تیرۆرستانی داعش کە ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمارکراوە و لە خوێندن دابڕاون، تەواوی ئاسانکارییان بۆ بکرێت تاوەکو دەست بە خوێندن بکەنەوە.

 لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکوەزیران، ئەم فەرمانە وەزارییە دەرکراوە:

1- بەڕێوبەرایەتی گشتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان خۆیان سەرپەرشتی لیژنەیەکی تایبەتمەند بکەن بۆ ئەو بوارە، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەو پێیەی زۆرینەی ڕزگاربووان لەو سنوورە نیشتەجێن.

2- تەواوی دەسەڵاتەکان بۆ بەدەرکردن لە مەرجەکانی تەمەن، دەبەخشرێتە بەڕێوبەری گشتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان بۆ بابەتی ئاماژە پێ کراو بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ڕزگاربووان بۆ سەر خوێندن.

3- هەموو ئەو ڕزگاربووانەی پۆلی 9ـی بنەڕەتییان تەواو کردووە، بەڵام دواتر کەوتوونەتە دەستی داعش، لە خوێندن دابڕاون و دوای ئازادکردنیان تەمەنی یاساییان تێپەڕیوە، بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، هەموویان لە مەرجەکان دەبەخشرێن و دەتوانن لە هەر پەیمانگەیەکی حکوومی کە بیانەوێت بخوێنن.

4- هەموو ڕزگاربووانی دەستی داعش ئەوانەی ناویان لە لیستی ڕزگاربووان تۆمار کراوە و دەرچووی پۆلی 9ـی بنەڕەتی بن، مافیان هەیە لە هەموو پەیمانگە ئەهلییەکان بخوێنن بەبێ بەرامبەر بۆ هەر پێنج ساڵی خوێندن.

بڕیارەکە بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 جێبەجێ دەکرێت

بە ووتەی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو فەرمانە لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە، 18-07-2024، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و بۆ ساڵی خوێندنی 2024 – 2025 پەیڕەو دەکرێت.

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە "هەرچی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش بکەین هەر کەمە، بەڵام ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زۆر گرینگە بەو پێیەی پەیوەندی بە بابەتی خوێندنەوە هەیە".


ئەم بابەتە 18646 جار خوێندراوەتەوە