داشکاندن لە کرێی خوێندنی زانكۆ و په‌یمانگاكان ئەمساڵیش به‌رده‌وام دەبێت

پەیامی کورد   ...   داشکاندن لە کرێی خوێندنی زانكۆ و په‌یمانگاكان ئەمساڵیش به‌رده‌وام دەبێت

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: ئه‌مساڵیش داشكاندنی كرێی خوێندن به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌ڕێوبه‌ری خوێندنی تایبه‌تییش ده‌ڵێ: داشكاندنه‌كه‌ زانكۆ تایبه‌ت و حكوومیه‌كان ده‌گرێته‌وه‌. 

د.ئیبراهیم حاجی ڕه‌شید، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی تایبه‌ت، ڕایگه‌یاند: به‌ بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌تی  خوێندنی باڵا بۆ ئه‌مساڵیش كرێی خوێندن بەشێوەیەک كه‌مده‌كرێته‌وه‌، له‌ زانكۆ په‌یمانگاكانی سه‌ر به‌ حكوومه‌ت به‌ ڕێژه‌ی 45% كرێی خوێندن له‌ خوێندنی ئێواران و پاڕالێڵ كه‌م ده‌كرێته‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ش بۆ هاوكاری قوتابیان و سه‌رخستنی پرۆسه‌ی خوێندنه‌، ئه‌وه‌یش له‌ چوارچێوه‌ی له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌وشی ئابووری قوتابیان دێت.

به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ووتیشی: بڕیاره‌كه‌ زانكۆ و په‌یمانگا ئه‌هلییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌ و كرێی خوێندن له‌ 10% تا 20% كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ و هاوشێوه‌ی ساڵانی ڕابردوو داشكاندنی كرێی خوێندن به‌رده‌وام ده‌بێت.

د.ئیبراهیم حاجی ڕه‌شید ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: ساڵانه‌ له‌ زانكۆ و په‌یمانگا تایبه‌تییه‌كان پێنج كورسی بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان به‌بێ به‌رامبه‌ر ته‌رخان ده‌كرێت، واته‌ له‌ هه‌ر به‌شێك پێنج كورسی بێ به‌رامبه‌ر هه‌یه‌، به‌رده‌وامیش هاوكاری كه‌س وكاری شه‌هیدانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی ده‌كرێت، جگه‌ له‌وه‌ش ساڵانه‌ چه‌ندین لێخۆشبوون بۆ ئه‌و قوتابیانه‌دەکرێت کە ڕه‌وشی داراییان باش نییه‌. 


ئەم بابەتە 58932 جار خوێندراوەتەوە