د.سامان بەرزنجی : خەڵکی عێراق بۆ چارەسەر دێنە ھەرێمی کوردستان

پەیامی کورد   ...   د.سامان بەرزنجی : خەڵکی عێراق بۆ چارەسەر دێنە ھەرێمی کوردستان

وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ووتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆری بە نەخۆشی شێرپەنجە داوە، دوای ئەوەی نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە ھەولێر دروست دەکرێت، لە دھۆکیش بەھەمان شێوە دەکرێتەوە، ئێستاش ئەو چارەسەرییانەی لە نەخۆشخانە حکوومیەکان پێشکەش دەکرێن لە نەخۆشخانەی ئەھلی نینە، ھەر ئەمەش وای کردووە خەڵک لە عێراقیش بۆ چارەسەر بێنە ھەرێمی کوردستان، ئێمەش بەھۆی کاری مرۆییەوە، جیاوازی لە نێوان ھاووڵاتییان ناکەین، بەردەوامیش کاردەکەین بۆ ئەوەی نەخۆشخانەکان لە ھەرێمی کوردستان بکرێنە نموونە، سەرەتاش لە نەخۆشخانەی ڕزگاری لە ھەولێر دەست پێدەکەین. 

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی درووستکردنی نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە شاری ھەولێر وەکوو شارێکی پزیشکییە و لە سەرجەم پێداویستی نەخۆشی شێرپەنجە پێک دێت، وەکوو دەستنیشانکردن، ڕووپێوکردن، تاقیگە، تیشک، چارەسەری کیمیاوی و نەشتەرگەری، بۆیە ئەمە ڕۆتین لەسەر ھاووڵاتی کەمدەکاتەوە و بە کوالێتی بەرز ھەموو پێداویستییەک لەخۆ دەگرێت و ھیچ پێویست ناکات نەخۆشەکان بۆ چارەسەر بچنە دەرەوەی ووڵات، بۆیە ئەمە گرینگی زۆری ھەیە چوونکە ئێستا ئەو نەخۆشییە لە جیھان گرفتێکی زۆر گەورەیە، بەھۆی ئەوەی حاڵەتەکان بەردەوام لە زیادبووندان، ھەر چەندە لە ھەرێمی کوردستان حاڵەتەکان بەراورد بە ووڵاتان و ستانداردی نێودەوڵەتی کەمترە، بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی فراوانتر کاری بۆ بکەین، ھەرچەندە لە ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجەمان ھەیە، وەکوو نەخۆشخانەی نانەکەلی، سەنتەری شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ڕزگاری و نەخۆشخانەی ھیوا لە سلێمانی و لە داھاتوویەکی نزیکدا نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە دھۆکیش دەکرێتەوە، بەنیازین چارەسەر بە تیشک و ڕووپێکردن لە ڕانیە، ھەڵەبجە، سۆران و زاخۆ دەکەینەوە، ئەمە وەکوو ژێرخانە و بەھۆی زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووان پێویستی بە زیاتریش ھەیە. 

 د.سامان بەرزنجی ووتیشی : ھۆکاری ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە عێراق بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشییە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دوو شت دەگەڕێتەوە، یەکەم، لە ھەرێمی کوردستان یاسای سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە ھەیە، ئەوە لە عێراق نیە و ئەوان وەکوو ھەر نەخۆشییەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ شێرپەنجە دەکەن، خاڵێکی دیکەش ئەوەیە چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە تێچووی زۆرە و لە عێراق بەردەست نییە، ئێمەش جیاوازی ناکەین لە چارەسەری نەخۆشەکان، ئەوە هاوکارییەی لە عێراقیش بۆ ئێمە دێت نزیکەی ١٠% دەبێت، ئەوەی دیکە لەڕێگەی حکوومەتی ھەرێم و سندووقی کۆمەک دابین دەکرێت، بۆ نموون، مانگانە ئەوانەی سەردانمان دەکەن ٤٥ھەزار کەس دەبن، ھەر یەکێک بۆ مەبەستێک و ڕۆژانە ٢٠٠ حاڵەت بە لێزەر چارەسەر دەکرێن، ئەمە ھەمووی پێداویستی دەوێت، چارەسەری کیمیاوی لە کەرتی تایبەت نییە و تەنیا لە حکومییەکە پێشتر ھەبوو .. لە کابینەی نۆیەم لە شۆڕشی چاکسازی، ئەوە نەماوە، ئێستا ھەرێمی کوردستان لە دەرمانی قاچاغ نەماوە و تەنیا حکوومەت ئەو کارە دەکات، بۆیە لە عێراق بۆ چارەسەر ڕوو لە ھەرێم دەکەن و لێزەر تەنیا لە بەغدا هەیە و لە شارەکانی دیکەی عێڕاق نییە و بۆ چارەسەری لێزەر دێنە ھەرێمی کورستان.  

 دەشڵێت: کار دەکرێت بۆ ئەوەی نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێنە نموونەیی، لە یەکەم نەخۆشخانەش لە ڕزگاری لە ھەولێر دەست پێدەکەین و دواتریش دەچینە نەخۆشخانەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، چوونکە ئێستا ئەو چارەسەرییانەی لە نەخۆشخانەی حکومی دەکرێن لە نەخۆشخانەی ئەھلی نین، بۆ نموونە ٩٥%ی شوشتنی گورچیلە لە نەخۆشخانەی حکومی دەکرێت.

 سەنتەری دڵیش بە ھەمان شێوە حکوومییە، بۆیە ئەوەی لە نەخۆشخانە حکومییەکان بۆ نەخۆشەکان دەکرێت لە نەخۆشخانەی ئەھلی نییە. 


ئەم بابەتە 58592 جار خوێندراوەتەوە