سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى كونسووڵى گشتی ئاڵمانیا کرد

پەیامی کورد   ...   سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى كونسووڵى گشتی ئاڵمانیا کرد

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2024/9/2 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ كڵاوس شترایشه‌ر كونسووڵى گشتی پێشوو و ئالبرێشت فۆن ڤیتكه‌ كونسووڵى گشتی نوێى ئاڵمانیا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا، وێڕاى ده‌ربڕینى سوپاس و پێزانین بۆ كار و ئه‌ركى كونسووڵى گشتی پێشووى ئاڵمانیا، ماڵئاوایی لێ کرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى نوێیدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها به‌خێرهاتنى كونسووڵى گشتی نوێى ئاڵمانیاى كرد و هه‌موو پشتگیرییه‌كى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى نیشان دا.

لاى خۆیه‌وه‌ شترایشه‌ر خۆشحاڵی خۆى به‌ ماوه‌ى كاركردنى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ستایشى پشتگیری لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كەى كرد. كونسووڵى گشتی نوێى ئاڵمانیاش وێڕاى نیشاندانى خۆشحاڵى به‌ ده‌ست به‌كاربوونى، پشتگیری و خواستى ووڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان بە په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا دووپات كرده‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا‌ باس له‌ دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كرا. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرینگی هه‌ڵبژاردن و سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و ووتى: له‌ هه‌ڵبژاردندا گه‌لى كوردستان براوه‌یه‌ و هه‌موو لایه‌ك ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ن هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌شێكى ئارام و هێمندا به‌ڕێوه‌ بچێت.

دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.


ئەم بابەتە 83851 جار خوێندراوەتەوە