سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پارێزگار و كارگێڕی هه‌ولێر كۆبووه‌وه
پەیامی کورد ... سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پارێزگار و كارگێڕی هه‌ولێر كۆبووه‌وه
به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2024/9/22 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له ته‌لارى پارێزگا له‌گه‌ڵ ئومێد خۆشناو پارێزگار و به‌رپرسانى یه‌كه كارگێڕییه‌كانى هه‌ولێر و سنوورى پارێزگاكه‌دا، كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دۆخ و ئاستى خزمه‌تگوزارییه‌كان، پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه و بنیاتنان، به‌رنامه‌ى گه‌شه‌پێدان و چۆنیه‌تى به‌ڕێوه‌چوونى كار و پرۆژه‌كان له پارێزگاى هه‌ولێر و قه‌زا و ناحیه‌كانى، تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها تیشك خرایه سه‌ر گرینگی دابینكردنى پێداویستییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى گرفت و كه‌موكووڕییه‌كان.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ستخۆشى له به‌ڕێزان پارێزگار و به‌رپرسانى یه‌كه كارگێڕییه‌كان بۆ ڕاپه‌ڕاندنى كار و ئه‌ركه‌كانیان، ستایشى پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانی پارێزگاكه‌ى كرد و جه‌ختى له به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى خزمه‌تگوزارییه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگیرییه‌كی بۆ سه‌رخستنى كارگێڕی هه‌ولێر له‌پێناو باشتر خزمه‌تكردنى هاووڵاتییاندا، ده‌ربڕى.
له ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له ئاماده‌كارییه‌كانى پارێزگاى هه‌ولێر بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن كرا. له‌مبارەیەوە، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى داكۆكى له‌گرینگی سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و به‌ڕێوه‌چوونى شارستانییانه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن كرده‌وه و ئاماژه‌ى به ڕۆڵى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد.
له كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پارێزگار و به‌رپرسانى یه‌كه كارگێڕییه‌كانى هه‌ولێر، چه‌ندین سه‌ره‌نج و تێبینى و داواكارى و پێشنیاریان بۆ باشتركردنى خزمه‌تگوزارییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كه‌م وكوڕییه‌كان خسته ڕوو.
ئەم بابەتە 54047 جار خوێندراوەتەوە