سوپای تورکیا پێداچوونەوە بە ئاسایشی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەکات
پەیامی کورد ... سوپای تورکیا پێداچوونەوە بە ئاسایشی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەکات
کاربەدەستانی وەزارەتی بەرگری تورکیا لە دوای تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی لە لوبنان بەدواداچوون بۆ ئاسایشی ئامێرە پەیوەندییەکانی هێزە چەکدارەکانیان دەکەن.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی پێنجشەممە 19ی ئەیلول لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا بڵاویکردەوە، تەقینەوەی ئامێرە بێ وایەرەکانی نێوان ئەندامانی حیزبۆڵڵای لوبنان نیگەرانی جددی لەبارەی ئاسایشی ئامێرەکانی پەیوەندییەکانی ووڵاتەکەی دروستکردووە.
ئەم بەرپرسە تورکە جەختی لەوە کردەوە کە هەرچەندە کەرەستەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام ئەگەری تێوەگلانی لایەنی سێیەمیش لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.
سەرچاوەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، سیخوڕەکانی ئیسرائیل تەقەمەنییان لەناو ئامێرە بێ وایەرەکانی حیزبۆڵڵای لوبنان داناوە کە بەهۆیەوە لانیکەم ٢٠ کەس لە لوبنان کوژراون.
هەرچەندە ئیسرائیل هێشتا بەرپرسیاریەتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام لوبنان و ئێران تەلئەبیب بە هۆکاری ئەم تەقینەوەیانە دەزانن.
ئەم تەقینەوانە نیگەرانی زۆریان لەبارەی هەڕەشەکانی شەڕی ئەلیکترۆنی لە نێوان ووڵاتانی ناوچەکەدا دروست کردووە.
ئەم بابەتە 54788 جار خوێندراوەتەوە