سەباح سوبحی : عێراق ھەر چۆنێک بێت پێویستی بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانە
پەیامی کورد ... سەباح سوبحی : عێراق ھەر چۆنێک بێت پێویستی بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانە
ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ووتی: عێراق نایەوێت ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە، بەڵام ھێشتان پێویستیان بە نەوتی ھەرێمی کوردستانە، چوونکە تەنیا یەک ڕێگەیان بۆ ھەناردەکردنی نەوت ھەیە، بۆیە جگە لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت ڕێگەی دیکە نییە.
دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند : حکوومەتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی پێویستە ئێمە ھەناردەی بکەین، ئەوان لە نەوتی خۆیان ھەناردەی دەکەن، ئەوەش لە یاسای بوودجەدا ھاتووە، عێراق ڕۆژانە ٣ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکات، سەرەڕای ئەوەش نزیکەی ٧٠ ترلیۆن دینار کورتھێنان لە بوودجە ھەیە، تا ئێستاش کێشەی گەورە لە نێوان عێراق و ئۆپیک ھەیە بەھۆی ئەوەی عێراق پابەندی ئەو بڕە نییە کە بۆی دیاری کراوە کەم بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان دەڵێن "نابیت بەرھەمھێنانی نەوت لەوە زیاتر بێت لە عێراق چوونکە ئێستا بەرھەمھێنانی نەوت لە عێراق چوار ملیۆن و ٦٠٠ ھەزارە، ئەمە سەرووی ئەو ڕێژەیەیە بۆ عێراق دیاریکراوە، ملیۆنێک بەرمیل زیادە کە عێراق ملیۆنێک بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ بەکاردێنێت بۆ بەنزین و سووتەمەنی دیکە، بۆیە گرینگە بەھۆی ئەو بڕیارەوە بەرھەمھێنان کەمبکاتەوە"، ھەربۆیەش عێراق خەم ساردە لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەوان دەیانەوێت تەنیا نەوتی خۆیان بڕواتە دەرەوە.
دکتۆر سەباح سوبحی ووتیشی: عێراق نایەوێت ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی خۆی کەم بکاتەوە و لە ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە بکرێت، پێیان وایە تێچووی نەوتی خۆیان کەمترە، بۆیە لە دوایین دانیشتن لە نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر چەند پرەنسیپێک بڕیاردرا گۆڕانکاری لە گرێبەستەکاندا بکرێت، ئەوان باسیان لەوە کرد، پابەندن بە بڕیاری دیاریکراو کە لە بوودجەدا ھاتووە کە تێچووی ھەر بەرمیلێک ناگاتە ١٠ دۆلار، کەچی کۆمپانیاکان دەیانەوێت لە ٢٠ دۆلار کەمتر نەبێت و تێچووی ھەر بەرمیلێکیش بۆ گواستنەوە شەش دۆلار بێت، بۆیە ئەوە ماوەتەوە و پێویستە یەکلایی بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی نابێت ھیچ ووڵاتێک تەنیا پشت بە یەک ڕێگای ھەناردەکردنی نەوت ببەستێت، ئەویش تەنیا لە ڕێگەی بەسڕایە و پێویستە لە ڕێگەی تورکیاش دەست پێ بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر گرفتێک ھەبێت ڕێگای دیکەمان ھەبێت، بۆیە عێراق بە ئەنقەست دوای دەخات و پێیان خۆش نییە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە.
ئەم بابەتە 10278 جار خوێندراوەتەوە