سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی هۆڵەندا لە عێراق کرد
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی هۆڵەندا لە عێراق کرد
دووشەممە 9/23، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جانێت ئەلبێردا، باڵیۆزی نوێی شانشینی هۆڵەندا لە عێراق کرد.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، هەموو پشتیوانییەکی بۆ باڵیۆز دەربڕی، لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی دوو لایەنە. هەروەها سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی هۆڵەندای کرد، بەتایبەتی لە پشتگیریکردنی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم لە هەمەجۆرکردنی ئابووری و برەودان بە کەرتی کشتوکاڵ و کارکردن بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.
باڵیۆزی هۆڵەندا ستایشی پێشکەوتن و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی کرد، بە تایبەت لە بواری بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و چاکسازیکردن لە کەرتی بانکی.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان، جەختکردنەوە بوو لە گرینگی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دۆخێکی ئارام و دادپەروەرانە و دوور لە پێشێلکاری و ساختەکاری. هەردوولا هاوڕا بوون لە سەر پێویستی چاودێرێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن چاودێرانی نێودەوڵەتییەوە.
ئەم بابەتە 52462 جار خوێندراوەتەوە