سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی کۆریا لە عێراق کرد

پەیامی کورد    ...   سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی کۆریا لە عێراق کرد

چوارشەممە 5/29، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە چۆی سوونگ سوو، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەدا کە سینچۆل لیم، کونسوولی گشتی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، جەخت لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆریا کرایه‌وه‌.
باڵیۆزی کۆماری کۆریا، ستایشی دیدگه‌ی سەرۆکی حکوومەتی کرد لە کارکردن بە ئاراستەی بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا.
باڵیۆزی کۆریا هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانەی ووڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد، کە بیست ساڵ لەمەوبەر تیپی سەربازی (زەیتوون)ی کۆریا هاتنە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە فەرمییەکانی نێوان هەردوولا دەستی پێ کرد و چەندین پرۆژەی گرینگییان لە کوردستان ئەنجام دا، بەتایبەتی لە ڕێگەی ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی کۆریا/کۆیکا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانی و هاریکاری و بەشداری کۆریای باشوور لە پرۆسەی بەرەوپێشبردنی هەرێم دەربڕی و جەختی لە گرینگی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئەو ووڵاتە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.


ئەم بابەتە 42796 جار خوێندراوەتەوە