سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی نۆرڤێژ کرد
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی نۆرڤێژ کرد
ڕۆژی دووشەممە 23ی ئەیلوولی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی نۆرڤێژ کرد کە پێکهاتبوو لە ئەسمۆند ئۆکرۆست و مانی حسەینی پەرلەمانتارانی نۆرڤێژ لە پارتی کاری نۆرڤێژی.
لە دیدارەکەدا شاندی پەرلەمانی نەرویج ئامانجی سەردانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو و باسیان لە ئەو ڕۆڵە کرد کە ووڵاتەکەیان لە شەڕی دژی تیرۆر و هەروەها کاروباری هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچەکانی کوردستان و یارمەتیدانی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان کرد. شاندی میوان جەختیان لە دۆستایەتی و پەیوەندی نێوان گەلی نۆرڤێژ و گەلی کوردستان کردەوە و ڕاشیانگەیاند ووڵاتەکەیان پشتیوانی لە سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەکات.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی نۆرڤێژی کرد کە لە شەڕی تیرۆریستاندا یارمەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان داوە و ڕۆڵی بەرچاوی حکوومەتی نۆرڤێژی لە یارمەتیدانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە کوردستان بەرز نرخاند.
بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئۆکتۆبەری داهاتوو تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
ئەم بابەتە 52497 جار خوێندراوەتەوە