مەسروور بارزانی : حكوومەت هەموو توانای خۆی لەپێناو باشتركردنی دۆخی تەندرووستی دەخاتە گەڕ

پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی : حكوومەت هەموو توانای خۆی لەپێناو باشتركردنی دۆخی تەندرووستی دەخاتە گەڕ

ئەمڕۆ چوارشەممە 18/9/2024، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی گرینگی لە شاری هەولێر دانا كە بریتی بوو لە گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەركردنی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان و عێراق.

لە ووتارێكدا كە لە مەراسیمەكەدا بەڕێوە چوو، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵی خۆی بە دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكە دەربڕی و ئاماژەی بەوە كرد كە نەخۆشخانەكە ”بە ئاست و كوالێتییەكی پێشكەوتوو دروست دەكرێت و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویستی شاری هەولێر و هەموو كوردستان.“

ڕوونیشی كردەوە: ”ئێمە لە هەرێمی كوردستان چەند نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجەمان هەن كە خزمەتێكی زۆر بە هاووڵاتیانمان دەكەن، هەروەها نەخۆشەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش، بە تایبەتی لە ناوچەكانی دیكەی عێراق بۆ چارەسەر ڕوویان تێدەكەن. بۆیە بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو پزیشك و كارمەندانی ئەو نەخۆشخانانە بكەم بۆ ئەو ئەركە پیرۆز و مرۆڤانانەی ئەنجامی دەدەن.“

مەسروور بارزانی باسی لەوەش كرد كە ”كەرتی تەندرووستیمان هێشتا خزمەت و چاكسازیی زۆری پێویستە، لە سەرەتای كابینە، چاكسازی لە سیستەمی تەندرووستی لە یەكەم هەوڵەكانم بوو، بۆ ئەو مەبەستەش پرسمان بە پسپۆڕانی دەرەوەی ووڵاتیش كرد، بەڵام بەداخەوە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ، فشار و قورسایی پەتای كۆرۆنا هەمووی كەوتە سەر ئەم كەرتە و كاریگەری لەسەر هەنگاوەكانمان هەبوو. وێڕای ئەوەش، هەنگاوی بەرچاو لە بواری ڕێكخستنەوە و كوالێتی داوودەرمان نراوە.“

لە بەشێكی دیكەی ووتارەكەیدا سەرۆكی حكوومەت رایگەیاند: ”لە كەرتی تەندرووستی هەرێم دا دەبێت كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت هاوسەنگ و هاوتەریب گەشە بكەن، كوالێتی و ئاستی خزمەتگوزاری لە كەرتی گشتی تەندرووستی دا دەبێت باشتر بێت، هاووڵاتی دەبێت لە نەخۆشخانە گشتییەكاندا هەست بە ئاسوودەیی و هەبوونی خزمەت بكات. هەندێك هەنگاوی كردەییمان لەم بوارە دەست پێكردووە و نووسینگەی خۆم راسپاردووە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندرووستی، وەك پڕۆژەی تاقیكاری، چەند نەخۆشخانەیەكی كەرتی گشتی پێش بخەن كە بە نەخۆشخانەی ڕزگاری (كە یەكێكە لە گەورەترین نەخۆشخانەكانی كوردستان) دەست بەم پرۆژەیە كراوە.“

لەبارەی ڕێژەی شێرپەنجەش، سەرۆكی حكوومەت ووتی: ”رێژەی شێرپەنجە لەم ناوچەیەدا وەكوو هەموو جیهان زیادی كردووە، بۆیە پێویستە بە وردی هەم كار لەسەر كەمكردنەوەی هۆكارەكانی تووشبوون بكەین، هەمیش باشترین چارەسەرەكان بۆ نەخۆشەكانمان دەستەبەر بكەین، لەپێناو كەمكردنەوەی بارگرانی تێچووی چارەسەركردنی نەخۆشەكانی شێرپەنجەش، ئێمە پاڵپشتی سندووقی تایبەت بە كۆمەككردنی تووشبووانی شێرپەنجە دەكەین و هیوادارین كەرتی تایبەت و هاووڵاتیانیش بەپێی توانا یارمەتی ئەو سندووقە بدەن. حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو توانای خۆی لەپێناو باشتركردنی دۆخی تەندرووستی و بەرزكردنەوەی ئاست و كوالێتی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندرووستییەكانمان دەخاتە گەڕ. لە هەرێمی كوردستان توانای زانستی و پزیشكی باشمان هەیە و پزیشكی زۆر زۆر باشمان هەیە كە دەتوانن بە شێوەیەكی باشتر خزمەتی هاووڵاتیانمان بكەن.“


ئەم بابەتە 60340 جار خوێندراوەتەوە