مەسروور بارزانی : هەرگیز کۆڵ نادەین لە خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان

پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی : هەرگیز کۆڵ نادەین لە خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی رایگەیاند "هەرگیز کۆڵ نادەن لە خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق"

دوانیوەڕۆی چوارشەممە، 04-09-2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێزلێنانی بەخشییە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان و لە ووتارێکدا باسی لە پلان و بەرنامەکانی داهاتووی حکوومەت کرد بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ووتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ڕێز و پێزانینم هەیە بۆ ڕۆڵی بەرپرسانە و نیشتمانپەروەرانەی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو لە هاوکاریکردن و پاڵپشتی کردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کارنامە چاکسازییەکەی بە جۆرێک کە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکتر بوون و پێکەوە چەندین پرۆژەی گرینگ و ستراتیژییان ئەنجام داوە".

وەکوو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد، "لە ساڵانی ڕابردوو، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی دارایی بووینەوە، کێشە، کۆسپ، گیر و گرفتی زۆریان لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە درووست کرد، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە و سوپاس بۆ خۆڕاگری هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان و پشتگیری و پشتیوانی (وەبەرهێنەران) توانیمان بەشێکی زۆری ئەو کێشە و ئاستەنگانە تێپەڕێنین و درێژە بە بەرنامە و پرۆژەکانی حکوومەت بدەین بەو جۆرەی تاوەکوو ئێستا توانیومانە بەردەوام بین و ڕووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانەش ببینەوە". 

مەسروور بارزانی، سوپاسێکی تایبەتی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان، چوونکە وەکوو خۆی ووتی، "لە کاتی قەیرانەکاندا، ڕۆڵێکی نیشتمانپەروەرانەیان هەبووە و یارمەتیدەری حکوومەت بوون، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بکات".

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، "ئامانجی سەرەکی ئێمە، پێشخستن و بونیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها دەمانەوێت ناوچەکانی دیکەی عێراقیش پێش بکەون. عێراق ووڵاتێکی دەوڵەمەندە، دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی، مرۆیی و ماددی و داهاتێکی زۆریشی هەیە، بەڵام جێگەی داخە بە هۆی نەبوونی ئیدارەدانێکی باش و خزمەتگوزار، ئێستا هاووڵاتییانی عێراق لە دۆخێکی خراپدا دەژین و، لەو داهاتە زۆر و زەوەندەی عێراق بەهرەمەند نین".

بە ووتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "دۆخی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لە عێراق، لە ئاستێکی خراپدایە. بەداخەوە هەرێمی کوردستانیش باجی سیاسەت و مامەڵەیەکی ناتەندروست و ناڕەوا دەدات کە لەلایەن هەندێک کەسەوە دژی حکوومەت دەکرێت کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکەن". 

پێشکەوتن و گەشەکردنی هەرێمی کوردستان، وەکوو ئەوەی سەرۆکوەزیران ووتی، "لە قازانجی هەموو عێراقدایە و پێویست بوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، پێشبڕکێ بکەن لەسەر ئەوەی کێ زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان بکات و پرۆژەی گرینگ و ستراتیژی جێبەجێ بکات".

مەسروور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە هەرگیز کۆڵ نادەین و بە پشتیوانی خوای مەزن و هاوکاری ئێوەی بەڕێز بەردەوام دەبین لە بەرنامەکانمان لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق".  


ئەم بابەتە 79997 جار خوێندراوەتەوە