نێچیرڤان بارزانى ستایشى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆرانی کرد

پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانى ستایشى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆرانی کرد

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2024/9/23 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ سۆران له‌گه‌ڵ هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران و به‌رپرسانى یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانى سۆران، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دۆخى كارگێڕى و خزمه‌تگوزارى له‌ سنوورى ئیداره‌كه‌ و گرینگی پێگه‌ى جوگرافی سۆران و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانى، به‌تایبه‌تى له‌ڕووى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و چالاكی ئابوورى و گه‌شتیارییه‌وه‌، تاوتوێ كرا، پوخته‌یه‌كیش ده‌رباره‌ى پێدوایستییه‌كانى ناوچه‌كه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاکاندا، خرایه‌ ڕوو.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ زه‌مینه‌ و ده‌رفه‌ته‌كانى گه‌شه‌پێدان و پێشخستنى زیاترى ناوچه‌كه له‌ چه‌ندین بواری جیادا‌، ده‌ستخۆشی له‌ سه‌رپه‌رشتیار و به‌رپرسانى یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران كرد بۆ ئه‌و كار و خزمه‌ته‌ى کە پێشكه‌شیان كردووه‌، هه‌روه‌ها به‌ره‌وپێش چوون و گه‌شه‌سه‌ندنى ناوچه‌كه‌ى، به‌رز هه‌ڵسه‌نگاند.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، تیشك خرایه‌ سه‌ر پلان و به‌رنامه‌ى داهاتووى كار و پرۆژه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنى گرفت و كه‌موكووڕییه‌كان و فه‌راهه‌مكردنى پێداویستییه‌كان، بیروڕا ئاڵوگۆڕ كران. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو پشتگیرییه‌كى بۆ ئیداره‌ى سۆران بە مەبەستی باشتر خزمه‌تكردنى ناوچه‌كه‌، دووپات كرده‌وه‌.

بانگه‌شه‌ى چاوه‌ڕوانكراوى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ پرۆسه‌ى ده‌نگدان، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. تێیدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ گرینگی هه‌ڵبژاردن و كاركردن بۆ سه‌رخستنى، داواى له‌ هه‌موو لایه‌ك كرد كه‌ بانگه‌شه‌یه‌كى شارستانى و ئارام به‌ڕێوه‌ ببرێت.

چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى په‌یوه‌ست به‌ دۆخى گشتی سنوورى ناوچه‌ى سۆرانه‌وه‌، لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.


ئەم بابەتە 52403 جار خوێندراوەتەوە