وەزارەتی ناوخۆ : سەرجەم ئەو هەواڵە نادرووست و دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە
پەیامی کورد ... وەزارەتی ناوخۆ : سەرجەم ئەو هەواڵە نادرووست و دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان ڕەتیکردەوە هیچ ئاوارەیەک بەهۆی ترسەوە کەمپەکانی جێهێشتبێت و جەختیش لەوە دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان وەکوو لانکەی پێکەوەژیان و یەکتر قەبووڵکردن دەمێنێتەوە و ئامێزی گەورەی بۆ ئاوارەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.
9ـی ئابی 2024، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی مرۆیی لە کەمپی ئاوارەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ڕاگەێندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەێندراوەکەدا هاتووە: دوای بڵاوبوونەوەی هەندێ دەنگۆ و هەواڵی نادروست لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن سەبارەت بە بوونی حاڵەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە کەمپێک لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوایە بەهۆی هەبوونی ترس کەمپەکە جێ دێڵن و دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە شنگال، ئێمە سەرجەم ئەو هەواڵە نادرووست و دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە دژ بە بنەماکانی ڕاست و درووستی گواستنەوەی زانیارییە لە کاری رۆژنامەوانی.
ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان ئاماژەی بەوەشکردووە: لە هەمان کاتیشدا سەرجەم دانیشتووانی کەمپەکان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە وەکوو لانکەی پێکەوەژیان و یەکتر قەبووڵکردن دەمێنێتەوە و ئامێزی گەورەی بۆ ئاوارەکان بە کراوەیی دێڵێتەوە تا ئەو کاتەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
هاوکات لە ڕاگەێندراوەکەی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکاندا هاتووە : کەمپەکان شوێنی خەڵکی سڤیل و لێقەوماون و بە باشی پارێزراون، بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت سیمای پێکەوەژیان و یەکترقەبووڵکردن و لێبوردەیی ئەو شوێنانە بشێوێندرێت.
ئەم بابەتە 12284 جار خوێندراوەتەوە