پشتیوان سادق : پارتی دیموكراتی كوردستان دەستکەوتەکان گەورەتر دەکات

پەیامی کورد   ...   پشتیوان سادق : پارتی دیموكراتی كوردستان دەستکەوتەکان گەورەتر دەکات

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر، دەڵێت: پارتی هەمیشە لەگەڵ خەڵک و هاووڵاتییانی خۆی دەبێت و کەم وکۆڕییەکان چارە دەکات و دەستکەوتەکان گەورەتر دەکات. ووتیشی: سەرۆک بارزانی ڕۆحی خۆی دابەشی تاک بە تاکی گەنجان و تێکۆشەرانی کوردستان کردووە.

پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر، بەبۆنەی 78 ساڵەی دامەزراندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا ڕایگەیاند: پارتی دامەزرێنەری قەوارەی هەرێمی کوردستانە، لە سایەی حیکمەتی سەرۆک بارزانی هەمووان ووزە وەردەگرن، ئاییندەی کوردستان ئاییندەیەکی گەش و زۆر ڕوونە، سەرۆک بارزانی بڕوای بە هێز و توانای گەنجانی کوردستان هەیە.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر دەڵێت: بارزانی لە دڵی ملیۆنان کورد ڕەگی داکوتاوە، هەروەها سەرۆک بارزانی پێی وایە گەنجانی کوردستان ئێستا و ئاییندەی ووڵاتن، بۆیە هەمیشە ڕۆحی خۆی دابەشی تاک بە تاکی گەنجان و تێکۆشەرانی کوردستان کردووە و، کاتێک دەگوترێن سەرۆک بارزانی واتە ئاشتی و ئاوەدانی.

ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان حیسابی دەوڵەتی بۆ دەکرێت نەک تەنیا هەرێمێک، لە ساییەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرێمەکە زۆر پێشکەوتوو بووە و سەرکەوتنی زۆر گەورەی بەدەست هێناوە.

باسی لەوەش کرد، سەرەڕای قەیرانەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی توانی خۆڕاگر بێت و خزمەتێکی زۆر پێشکەشی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات. هاوکات دەڵێت: پارتی هەمیشە لەگەڵ خەڵک و هاووڵاتییانی خۆی دەبێت و کەم وکۆڕییەکان چارە دەکات و دەستکەوتەکان گەورەتر دەکات و ئاییندەی گەلی کوردستان گەشە.

پشتیوان سادق، لەبارەی هەولێرەوە، گوتی: ئەگەر بەراوردی هەولێر بە ساڵانی ڕابردوو بکەین، شانازی دەکەین کە گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی زۆر لە هەولێری پایتەخت ڕووی داوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانەی پێیان وایە لە هەرێمی کوردستان هیچ نەکراوە ئەوانە هەڵەیەکی مێژووی دەکەن کە وا بیر دەکەنەوە.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر، لەبارەی پێکەوەژیانەوە، ووتی: شانازی بەو پێکەوەژیانە دەکەین کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەو پێکەوەژیانە لە مەنهەجی پارتی و کولتووری خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە و پێویستە هەمووان بیپارێزن.


ئەم بابەتە 11265 جار خوێندراوەتەوە