هاتووچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق ڕاگیرا

هاتووچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق ڕاگیرا

پەیامی کورد … هاتووچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق ڕاگیرا

 

لە چوارچێوەى رێکارەکانى خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا، لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری راگرتنی هاتوچۆى لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق دا، بەڵام بڕیارەکە گەڕانەوەی هاوڵاتیانی دانیشتوى هەرێم و کەسانی نەخۆش و بازرگان و بەڵێندەران و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ناگرێتەوە.

 

بەپێى دواین بڕیاری لیژنەکە کە شەوى رابردوو بڵاوکرایەوە ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، بەمەبەستی رێگریکردن لەزیاتر تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا  و پاراستنی ئاسایشی تەندروستی هاوڵاتیان، لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا بڕیاریداوە بە راگرتنی هاتوچۆ لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق.

 

بەپێى ئەو بڕیارە، تەنها رێگە بە هاتوچۆ کردنى چەند کەس و لایەنێک دەدرێت بە مەرجێك لە كاتی هاتنیان لە بازگەكان پشکنینی كۆرۆنا ئەنجام بدەن، ئەوانیش بریتین لە ئاژانس و رێكخراوەكانی  سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و هاوپەیمانان و دیپلۆماتكاران و شاندە فەرمییەكان، لەگەڵ ئەو هاوڵاتیانەی نیشتەجێی هەرێمی كوردستانن و كەسانی نەخۆش كە پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشی هەیە لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بازرگانان و وەبەرهێنەران.

 

لە بەشێکى دیکەى ئەو بڕیارەى لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنادا هاتوە، كارى بازرگانى لەنێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق بەردەوام دەبێت بە لەبەرچاوگرتنى تەواوى رێكارەكانی خۆپارێزى، بڕیارەکەش لە رۆژی دەرچونیەوە جێبەجێ دەكرێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە