سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە و سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری پارتەکە جارێکی دیکە لە ئیستەنبوڵ دادگایی دەکرێنەوە.
بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، دانیشتنەکە بۆ لێکۆڵینەوەیە لە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە و، ئەمرۆ دووشەممە 30-4-2018 لە هۆڵی دادگاییکردنی ژمارە 2 لە گرتووخانەی سیلیڤری لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت.
تا ئێستا چەند دانیشتنێکی دادگاییکردنی دەمیرتاش ئەنجام دراوە، کە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە وەـزیری ناوخۆی تورکیا و ئەندامبوون لە ”رێکخراوە تیرۆریستییەکان“ی دراوەتە پاڵ.
لە یەکەمین دانیشتنی دادگادا تاوەکو ئێستا سەرجەم داواکارییەکانی پارێزەرانی دەمیرتاش و ئۆندەر لەلایەن دەستەی دادگا رەتکراونەتەوە. چاوەڕواندەکرێت دەمیرتاش لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ کە لە سیلیڤری بەڕێوەدەچێت، ئامادەبێت.
شەوی 4-11-2016 هاوسەرۆکانی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و 10پەرلەمانتاری دیکەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەستگیرکران، تاوەکو ئێستاش 9 یان لە زینداندان.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ساڵی 2013 لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆزدا هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و سڕی سورەیا ئۆندەر وتاریان پێشکەشکرد. دواتر وتارەکانیان بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی تیرۆر هەژمار کرا و خرانە زیندانەوە. شایانی باسە دادگای ئەستەمبوڵ سەرپەرشتی دۆسییەکە دەکات و یەکەم دانیشتنی دادگا لە بەرواری 14ی کانوونی یەکەمی 2017 بەڕێوەچوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە