پەیامی کورد ... وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری درووستكردن و فرۆشتنی تابلۆی ئۆتۆمبێلی بە ناوی پارێزگای هەڵەبجە لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران داوە، جێگری پارێزگاری هەڵەبجەش دەڵێ، لە موزایەدەی ئاشكرادا تابلۆی ئۆتۆمبێلی هەڵەبجە دەفرۆشرێت.
كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ، ڕایگەیاند: "لە بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، كە لە چوار خاڵ پێك هاتووە، ئاماژە بە نووسراوی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە 2998 تایبەت بە فرۆشتنی تابلۆی ئۆتۆمبێلی پارێزگای هەڵەبجە كراوە و دەسەڵاتی داوە بە وەزارەتی ناوخۆ كە بە شێوەی موزایەدە بفرۆشرێن".
كاوە عەلی گوتیشی: "لیژنەیەك لە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوبەری هاتووچۆی هەڵەبجە و بەڕێوبەرایەتی گشتی هاتووچۆی كوردستان و بەڕێوبەرایەتی گەنجێنەی هەڵەبجە، بە سەرۆكایەتی پارێزگاری هەڵەبجە و بە چاودێریی داواكاری گشتی دروست كراوە و، دەست دەكرێت بە فرۆشتنی تابلۆی ئۆتۆمبیلی هەڵەبجە بە شێوەی موزایەدەی ئاشكرا، داهاتەكەشی لە 80% بۆ پڕۆژەكانی هەڵەبجە دەبێت و لە 20% بۆ پەرەپێدانی بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجە خەرج دەكرێتەوە".
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، زیاتر دەڵێ: "هیچ ژمارەیەكی ئۆتۆمبێل بە خۆڕایی بە كەس نادرێت، بەڵكوو تەواوی ژمارەكان دەخرێتە موزایەدەی ئاشكراوە و دەفرۆشرێن".
ڕۆژی (13-3-2014) لەلایەن سەرۆكی ئەوكاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) واژۆ لەسەر بەپارێزگابوونی شارەكە كرا، لە (2-5-2015) لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە و لە هۆڵی مۆنەمێنتی شارەكە، پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەسەند كرا، پاشان سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان (سەرۆك مەسعوود بارزانی)، مەرسوومی سەرۆكایەتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی واژۆ كرد.
عەمید حەسەن عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری ھاتووچۆی پارێزگای ھەڵەبجە ، هەروەها ڕایگەیاند: "تەواوی هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق دەتوانن لە موزایەدەی فرۆشتنی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆبێلی هەڵەبجە بەشدار بن و هەركەس ئەو نرخەی بۆ هەر ژمارەیەك دیاری دەكراوە یان زیاتری دا، بەو دەفرۆشرێت".
ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش كرد: "ژمارە (1) تا ژمارە (1000)ـی (ژمارەی تایبەت) نرخیان لەسەر دیاری كراوە، كە ژمارە (1) لە ملیارێك دینار بەرەو سەرەوە دەست پێدەكات، ژمارە (2) بۆ ژمارە (9) هەر ژمارەی ٦سەد ملیۆن دینارە، لە ژمارە (10) بۆ ژمارە (99) هەر ژمارەی سێ سەد ملیۆن دینارە، هەروەها لە ژمارە (99) بۆ ژمارە(999) هەر ژمارەی دووسەد ملیۆنە دینارە، لە ژمارە (1000) بەرەو سەرەوە لە ڕێگەی لیژنەیەكی تری تایبەت ژمارە نایابەكان جیا دەكرێنەوە و نرخیان بۆ دیاری دەكرێت".
لەبارەی ناڕەزایی لە بوونی ژمارە 1988 لە ژمارەی ئۆتۆمبێلی هەڵەبجەدا، بەڕێوبەری هاتووچۆی هەڵەبجە دەڵێ: "پێشنیاز كراوە، ئەو ژمارەیە لە پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە ناوی هەڵەبجەوە دەربهێندرێت، كە ڕۆژی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەیە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە