پەیامی کورد... سەرۆککۆماری ئۆکراینا: زیاتر لە ١٢ هەزار سەربازی ڕووسی کوژراون
سەرۆکی ئۆکراینا ئاشکرای دەکات، لە سەرەتای هێرشەکەی سوپای ڕووسیا بۆسەر وڵاتەکەی، زیاتر لە ١٢ هەزار سەربازی ڕووسی کوژراون. هاوکات ڕفاندنی سەرۆکی شارەوانی شاری مێلیتۆپۆڵ باشووری ئەو وڵاتەی لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە بە "تاوانی دژ بە دیموکراسی" وەسف کرد.
ڤلادیمیر زێلێنسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و لە بارەی جەنگی ڕووسیا دژ بە ئۆکراینا، ڕوونکردنەوەی خستەڕوو و ئاماژەی بە ڕفاندنی سەرۆکی شارەوانی شاری مێلیتۆپۆڵ، ئیڤان فێدۆرۆڤ کرد و ڕایگەیاند: "ڕفاندنی سەرۆکی شارەوانی شاری مێلیتۆپۆڵ، تاوانێکە نەک تەنیا دژ بە گەل و شارەکانی ئۆکراینا بەڵکوو دژ بە دیموکراسیش".
سەرۆکی ئۆکراینا باسی لە قۆناغی گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی وڵاتەکەی کرد و وتی: "هەرچەندە یەکەکانی ڕووسیا، ئاستەنگ بۆ ڕێڕەوەکانی تایبەت بە هاوکارییە مرۆییەکان دروست دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ لە شارەکانی ئەنەرهۆدار، بووچا، هۆستۆمێل و کۆزارۆڤیچ، حەوت هەزار و ١٤٤ هاووڵاتی مەدەنی گوازراوانەتەوە بۆ ناوچە ئارامەکان. لە ڕۆژانی داهاتووشدا کار بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی ناوچە گەمارۆدراوەکان دەکەین".
ڤلادیمیر زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش دا کە شاری ماریۆپول لەلایەن سەربازانی ڕووسیاوە گەمارۆدراوە و ڕایگەیاند: "سەربازە ڕووسەکان، ڕێگەیان نەدا هاوکاری مرۆیی بگەیەنینە شاری ماریۆپول و بەردەوامن لە ئەشکەنجەدانی دانیشتووانی شارەکە".
سەرۆکی ئۆکراینا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ژمارەی ئەو سەربازە ڕووسییانەی لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە کوژراون، ١٢ هەزاری تێ پەڕاندووە و هەزاران سەربازی دیکەش بەدیل گیراون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە