ئاکسیووس : ڕەنگە هێرش بۆ سەر ئێران زووتر و بەرفراوانتر لە پێشبینییەکان دەست پێ بکات
ماڵپەڕی هەواڵی "ئاکسیووس" لە ڕاپۆرتێکی نوێدا نووسیویەتی کە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی بەرفراوان لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ڕابردوو زیادی کردووە و ئەم هەنگاوە دەکرێت زووتر و لە ڕەهەندێکی زۆر لەوە زیاتر کە وێنا دەکرێت دەست پێ بکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاکسیووس لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندان، دوو بەرپرسی ئیسرائیلی ڕایانگەیاندووە کە تێلئەڤیڤ خۆی بۆ سێناریۆیەکی گەورە ئامادە دەکات کە ئامانج لێی پێکانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت گۆڕینی ڕێژیمە.
ئەو ماڵپەڕە لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلی یەوە نووسی کە ئەو وڵاتە خۆی بۆ ئەگەری دەستپێکی شەڕ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئامادە دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئاکسیووس ڕۆژێک پێشتر لە زمان بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە ڕایگەیاندبوو کە دانوستانەکانی ژێنێڤ وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا بەڕێوە چووە.
باراک ڕاڤید، پەیامنێری ئەم میدیایە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند کە گفتوگۆکان پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام هێشتا ووردەکاری گرینگ ماون و ڕێژیمی ئێران بەڵێنی داوە لە ماوەی دوو حەفتەی داهاتوودا پێشنیاری وورد بخاتە ڕوو.