ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوێنێ دووشەممە هەڕەشەی ئەوەی کرد، ئەگەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئاسایشی نیشتمانی تورکیا بکەوێتە مەترسییەوە، "رێوشوێنی یەکلاکەرەوە" دەگرنەبەر.
سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی گەڕانەوەی لە باشووری ئەفریقا لە فرۆکە سەرۆکایەتییەکەدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی "هەموو کەس دەزانن ئەو هەنگاوانەی ئەنقەرە دەیگرێتەبەر کاتێک باس لە ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دەکرێت".
جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئەگەر لە سوریا ڕووبەڕووی هەڕەشەی هاوشێوەی ئەو مەترسیانە ببێتەوە کە لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی بووەتەوە، ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئیدیعاکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە دەڵێت "ئیسرائیل پێشڕەوییەکانی تورکیای لە سوریا ڕاگرت"، ئەردۆغان پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ یەکگرتوویی و سەروەری خاکی سوریا دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە چارەنووسی سوریا بڕیارە سورییەکان خۆیان یەکلایی بکەنەوە.