پەیامی کورد... ئەمریکا: داواکاری کۆچبەری لە ١٩ وڵاتەوە ڕاگیرا
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لە هەنگاوێکی فراوان و پێشتر ڕانەگەیەندراو، سەرجەم داواکارییەکانی کۆچبەری لە هاووڵاتیانی 19 وڵات ڕاگرت، ئەوەش دوای ڕووداوی تەقەکردن کە هەفتەی ڕابردوو دوو ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی لە نزیک کۆشکی سپی کردە ئامانج.
بەڵگەنامە ناوخۆییەکانی دەست سی بی ئێس نیوز ئاشکرای دەکەن کە خزمەتگوزارییەکانی ڕەگەزنامە و کۆچبەری ئەمریکا (USCIS) کارمەندەکانی ڕاسپاردووە "ڕاگرتنی کۆتایی مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو حاڵەتەکاندا" پەیوەست بە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەی کە لە قەدەغەکردنی گەشتکردندا هاتووە کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا دەرچووە.
لیستی ئەو وڵاتانەی کەوتوونەتە ژێر ئەو سنووردارکردنانە، بریتین لە وڵاتانی ئەفغانستان، میانمار، چاد، کۆماری کۆنگۆ، گینیا ئیکواتۆریال، ئێریتریا، هایتی، ئێران، لیبیا، سۆماڵ، سودان، و یەمەن، ئەمە جگە لە سنووردارکردنی بەشەکی بۆ سەر بوروندی، کوبا، لائۆس، سیرالیۆن، تۆگۆ، تورکمانستان و ڤەنزوێلا. بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن کە لیستەکە دەتوانێت فراوانتر بێت و نزیکەی ٣٠ وڵات لەخۆبگرێت.
بەڵگەنامەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ڕاگرتنەکە هەموو پۆلەکان دەگرێتەوە: داواکاری نیشتەجێبوونی هەمیشەیی (کارتی سەوز)، داواکاری ناسنامەدانان، داواکاری پەنابەری، و هەموو جۆرە ڤیزەی کۆچبەران. هەروەها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە هەر کاتێکدا هاتوونەتە ئەمریکا، نەک تەنها ئەو کەسانەی کە بەم دواییە هاتوون.
ئەم ڕێوشوێنانە دوای ئەوە دێت کە ئاشکرا بوو کە تۆمەتبارەکەی هێرشەکەی پاسەوانی نیشتمانی- پەنابەرێکی ئەفغانییە- لە ساڵی ٢٠٢١ لە سەردەمی ئیدارەی بایدن هاتۆتە ئەمریکا و لە مانگی نیسانی ٢٠٢٥ دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا مافی پەنابەری پێدرا.
لە بەیاننامەیەکدا بۆ کەناڵی سی بی ئێس نیوز، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ (DHS) دانی بە ڕاگرتنەکەیدا ناوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتەکە "پابەندە بە دڵنیابوون لەوەی هاوڵاتیانی نوێ ببنە باشترین هاووڵاتی"، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە "هیچ چانسێک ناگرێتەبەر کاتێک داهاتووی میللەت دەکەوێتە مەترسییەوە".