پەیامی کورد- قامیشلۆ... ئەنجومەنی سوریای دیموکرات: دەربارەی لامەرکەزییەت لە سووریا هاودەنگییەکی نێودەوڵەتیی ڕوو لە زیاد هەیە
بەرپرسی پەیوەندییەکان لە ئەنجومەنی سوریای دیموکرات حەسەن محەمەد عەلی ، دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند، قۆناغی داهاتوو بەخۆیەوە دەبینێت کە بە فەرمی لێکتێگەیشتنە سەربازییەکانی نێوان ئەنجومەنەکە و حکومەتی کاتیی سوریا ڕابگەیەنرێت، و ڕوونیشیکردەوە کە دوای ئەم ڕاگەیاندنە کارکردن لەسەر دۆسیەی دیکە دەستپێدەکات، لەنێوانیاندا کەرتی پەروەردە و دانانی پرۆگرامێکی خوێندنی نوێ لەسەر ئاستی سوریا.
محەمەد عەلی لە لێدوانێکدا بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "هاودەنگییەکی نێودەوڵەتیی ڕوو لە زیادبوون هەیە لەسەر پرەنسیپی لامەرکەزی"، و ئاماژەی بەوەشکرد کە بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان و فەرەنسا پشتیوانییەکی ڕوون بۆ ئەم ئاڕاستەیە لە سوریا نیشان دەدەن.
هەروەها ڕوونیکردەوە، کە هەردوو لا (ئەنجومەن و حکومەتی کاتیی سوریا) ڕێککەوتوون لەسەر مانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە سێ فیرقەی سەربازی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ دوو کەتیبەی تایبەتمەند، کە یەکێکیان بۆ ژنان و ئەوی دیکەیان بۆ یەکە تایبەتەکانە.
حەسەن محەمەد عەلی ئاشکرای کرد، کە شاندێکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە شاری حەلەب لەگەڵ پارێزگارانی دیمەشق و حومس و حەلەب کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە، و تێیدا گفتوگۆ کراوە لەسەر پرسە ئیدارییەکان و دەسەڵاتی پارێزگاکان لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە بەردەوامەکاندا.
محەمەد عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە میانی دیدارەکاندا جەخت کراوەتەوە لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی دەستووری، و سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە قبوڵکردنێکی سەرەتایی لەلایەن حکومەتەوە هەیە بۆ هەنگاونان لەم ڕێڕەوەدا لە ماوەی داهاتوودا.