پەیامی کورد... بەریتانیا لابردنی چوار بەند لە لیستی سزاکانی سەر سووریا ڕادەگەیەنێت
بەریتانیا لابردنی چوار بەندی لە لیستی سزاکانی سەر سووریا شەوی ڕابردوو (چوارشەممە)، ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە دەستکارییەکی تەکنیکییە و ئامانج لێی یەکخستنی پۆلێنکردنە تێکەڵەکانە، نەک کەمکردنەوەی کۆت و بەندەکان.
حکومەتی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئەو چوار لیستەی پەیوەستن بە سووریاوە لابراون، چونکە دووبارەی ئەو سزایانەن کە پێشتر لەژێر سیستەمەکانی دیکەی بەریتانیادا سەپێندراون".
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو کەس و لایەنانەی گۆڕانکارییەکە دەیانگرێتەوە، هێشتا لەژێر بڕیاری سڕکردنی سامان و قەدەغەی گەشتکردن و ڕێوشوێنە سنووردارکەرەکانی دیکەدان لە ڕێگەی چوارچێوەی سزای جێگرەوەوە.
ئەم دەستکارییە بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتری لەندەن بۆ سادەکردنەوەی پێکهاتەی سزاکان و ڕوونکردنەوەی زیاتر بۆ دامەزراوە داراییەکان و کۆمپانیاکان و دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردنی یاسا.
حکومەتی بەریتانیا ڕوونیشیکردەوە کە ئەم گۆڕانکارییانە بە واتای گۆڕانی سیاسەت بەرامبەر سووریا یان لابردنی ڕێوشوێنەکانی لێپرسینەوەی پەیوەست بە ململانێکان نایەت.
ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو سزایانەی سووریا دەکەنە ئامانج هێشتا کاریان پێ دەکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتکردن و ئەو کارانەی کە سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدەن.
مانگی ڕابردووش، بەریتانیا هەڵگرتنی سزاکانی لەسەر ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.