پەیامی کورد... بنەماڵەی ئەسەد: ژیانی شاهانە لەژێر سایەی کرێملیندا!
بەگوێرەی وتەی یەکێک لە خزمەکانی بنەماڵەکە و دوو هاوڕێیان و دوو ئەفسەری پێشووی فیرقەی چوار کە ماهر ئەسەد فەرماندەیی دەکرد، "دوورخستنەوەی شاهانە"ی بنەماڵەی ئەسەد لە یەکەم ساتەکانی ڕاکردنیانەوە بۆ مۆسکۆ لە ڕێگەی فڕۆکەی تایبەت و کاروانی ئۆتۆمبێلەوە دەستی پێکردووە.
لەژێر پاسەوانییەکی توندی دەزگا ئەمنییەکانی ڕووسیادا، بنەماڵەی ئەسەد سەرەتا لە شوقە ناوازەکانی زنجیرە هۆتێلی "فۆرسیزنس" نیشتەجێ بوون، کە تێچووەکەی دەگاتە ١٣ هەزار دۆلار لە هەفتەیەکدا. لەوێوە ئەسەد و خێزانەکەی گواستراونەتەوە بۆ "بێنتهۆس"ێکی دوو نهۆمی لە بورجی "فیدرەیشن" (Federation Tower)، کە هەمان ئەو هەوربڕەیە کە ڕێستۆرانتی "سیکستی" (Sixty) تێدایە. دواتر ئەسەد گواستراوەتەوە بۆ ڤێلایەک لە گەڕەکی دابڕاوی "روبلیۆڤکا" لە ڕۆژئاوای مۆسکۆ؛ ئەمەش بەگوێرەی وتەی بەرپرسێکی پێشووی سووریا کە پەیوەندی بە بنەماڵەکەوە هەیە، هەروەها چەند ناسیاوێکی تر و دیپلۆماتکارێکی ناوچەیی کە لەلایەن بەرپرسانی ڕووسیاوە ئاگادار کراوەتەوە.
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ڕوونی کردووەتەوە کە ئەو ناوچەیەی ئەسەد بۆی گواستراوەتەوە، جێگەی بایەخی نوخبە و دەوڵەمەندەکانی ڕووسیایە و کۆمەڵگەیەکی بازرگانی تێدایە کە بە "گوندی شاهانە" (Luxury Village) ناسراوە. بەگوێرەی وتەی بەرپرسە پێشووەکان و دیپلۆماتکارە ناوچەییەکە، تا ئێستاش دەزگا ئەمنییەکانی ڕووسیا پاسەوانی لە ئەسەد دەکەن و سەرپەرشتی هاتوچۆکانی دەکەن، هەروەها فەرمان بە بنەماڵەکە کراوە کە هیچ لێدوانێکی گشتی نەدەن.