بۆرێل : ئەمریکا چیتر هاوپەیمانی سەرەکی یەکیتی ئەورووپا نییە
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی پێشووی سیاسەتی دەرەوەی یەکیتی ئەورووپا ڕایگەیاند، ئەمریکا چیتر هاوپەیمانی سەرەکی یەکیتی ئەورووپا نییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمریکییەکان چیتر ناتوانن حساب بۆ ئەورووپییەکان بکەن، ئێمە واقیعی نوێ ئەزموون دەکەین".
ئەو دیپلۆماتکارە ئەورووپییە زیادی کرد: وڵاتانی ئەوروپی دەبێ بە ئامراز و توانای ناوخۆیی خۆیان ئاسایشی خۆیان مسۆگەر بکەن.
بۆرێل ئاماژەی بە هەڕەشەکانی ئەمریکا لە دژی گرینلاند کرد و وتی: هەندێک کەس دڵخۆشن بەوەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا ڕۆڵی پۆلیسی جیهانی گرتە ئەستۆ، ئەگەر هێزەکانی دەریایی ئەمریکا لە گرینلاند جێگیر بن، چی بکەین؟ ئایا بە سادەیی دەبێ بڵێین کە دەبێت ڕێز لە یەکپارچەیی خاک بگیرێت؟
ڕێبازی فراوانخوازی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا کە بە ڕاشکاوی داوای لکاندنی هەندێک ناوچەی ئۆتۆنۆم یان تەنانەت ووڵاتانی سەربەخۆی بە خاکەکەیەوە کردووە، زۆرترین نیگەرانی حکوومەتەکانی ڕۆژئاوای کردووە. ترامپ داوای لکاندنی گرینلاند و کەنەدا بە خاکی ئەمریکاوە دەکات.