ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی گەڕەکە کوردییەکان داواکارییەکانی حکومەت بۆ چۆڵکردنی حەلەب ڕەتدەکاتەوە

Dîroka Belavkirin :
ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی گەڕەکە کوردییەکان داواکارییەکانی حکومەت بۆ چۆڵکردنی حەلەب ڕەتدەکاتەوە
پەیامی کورد- حەلەب... ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی گەڕەکە کوردییەکان داواکارییەکانی حکومەت بۆ چۆڵکردنی حەلەب ڕەتدەکاتەوە

ئەنجومەنی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، ئەمڕۆ هەینی، ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی حکومەتی سووریای بۆ چۆڵکردنی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب ڕاگەیاند.

ئەنجومەنەکە ڕایگەیاندووە: "حکومەتی کاتیی دیمەشق ئەم هێرشانە لەژێر ناوی (سوپای نوێی سووریا) و بە پاڵپشتی دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە ئەنجام دەدات و بوێرییەکەشی لەوەوە وەردەگرێت."

هەروەها وتیشی: "بە توندی ئیدانەی بێدەنگیی هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە وەک گەرەنتییەر و چاودێر بۆ ڕێککەوتنەکانی ١٠ی ئازار و ١ی نیسان ئامادە بوون."

ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەو بانگەوازەی هێزەکانی حکومەتی کاتیی دیمەشق ئاراستەی گەلەکەمان و هێزە ئەمنییەکانمان دەیکەن، بانگەوازێکە بۆ خۆبەدەستەوەدان، بەڵام گەلەکەمان لەم گەڕەکانەدا سوورن لەسەر مانەوە و بەرگریکردن لە گەڕەکەکانیان."

ڕایشیگەیاند: "لە ئەنجامدا، هێزەکانی حکومەتی کاتی و گروپە چەکدارەکانیان داوا دەکەن گەڕەکەکانمان خۆیان بەدەستەوە بدەن و هەوڵی دەرکردنی دانیشتووانەکەی دەدەن، هەروەها داوای خۆبەدەستەوەدانی هێزە ئەمنییەکانمان دەکەن."

ئەنجومەنەکە جەختی کردەوە: "مەحاڵە لە پاراستنی گەڕەکەکانمان پاشەکشە بکەین، بڕیاری خۆمان داوە کە لە گەڕەکەکانماندا بمێنینەوە و بەرگرییان لێ بکەین."

لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی "ئەلئیخبارییە"ی سووریا لە زاری سەرچاوە حکومییەکانەوە بڵاویکردەوە: "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا، سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕێڕەوێکی ئارامن بۆ چوونە دەرەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە پێگەکانیان لە گەڕەکی شێخ مەقسوود بەرەو باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات."