​​​​​​​ترامپ لەسەر کوشتنی خۆپیشاندەران هۆشداری دەداتە ئێران : بە هێزێکی زۆرەوە لێی دەدەین

Dîroka Belavkirin :
​​​​​​​ترامپ لەسەر کوشتنی خۆپیشاندەران هۆشداری دەداتە ئێران : بە هێزێکی زۆرەوە لێی دەدەین
پەیامی کورد    ...   ترامپ لەسەر کوشتنی خۆپیشاندەران هۆشداری دەداتە ئێران : بە هێزێکی زۆرەوە لێی دەدەین

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند : هێزە ئەمنییەکانی ئێران لانیکەم ٤٥ خۆپیشاندەریان کوشتووە کە ٨ کەسیان منداڵ بوون
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی بانەمەڕ، لە کاتێکدا کە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکوومەت چوونەتە دوازدەهەمین ڕۆژەوە لە ئێران، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە دەسەڵاتدارانی ئەو ووڵاتە کرد کە ئەگەر ئەوان "دەست بکەن بە کوشتنی خۆپیشاندەران، ئەوە "زۆر زۆر بە توندی هێرش دەکەمە سەر ئێران".
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی کۆنەپەرست هیوو هیووویت، ووتی : پێم ووتن ئەگەر دەست بکەن بە کوشتنی خەڵک، کە بەزۆری لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەیکەن، ناڕەزایەتییەکی زۆریان هەیە، ئەگەر ئەو کارە بکەن، زۆر بە تووندی لێیان دەدەین. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نۆرڤێژە، ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان کە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمەوە دەستیپێکردووە، لانیکەم ٤٥ خۆپیشاندەریان کوشتووە کە هەشتیان منداڵن.
بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، تەنها ڕۆژی چوارشەممە 13 خۆپیشاندەر کوژراون، ئەوەش بەرزترین ژمارەی کوژراوانی ڕۆژانەیە لەدوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە ماوەی 12 ڕۆژی ڕابردوودا.
هەروەها مەحموود عامری – موغدام، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە بە سەدان کەس بریندار بوون و نزیکەی دوو هەزار خۆپیشاندەریش دەستگیر کراون.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە گرووپی جیهانی چاودێری پچڕانی ئینتەرنێت نێتبلۆکس ڕۆژی پێنجشەممە ڕاپۆرتی دا کە ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێران بە تەواوی داخراوە، هەروەها زۆرێک لە دابینکەرانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بە تەواوی پەیوەندییان پچڕاوە.