پەیامی کورد- دیمەشق... سەرۆکی سوریا بۆ ترەمپ: ئیدانەی ڕووداوە دڵتەزێنەکەی تەدمور دەکەین
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، بروسکەیەکی سەرەخۆشی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نارد بەهۆی کوژرانی سەربازانی ئەمریکی لە گوندەواری حومس، و جەختی لە هاوخەمی سوریا لەگەڵ خێزانی قوربانییەکان کردەوە.
سەرۆک شەرع لە بروسکەکەیدا جەختی لە ئیدانەکردنی سوریا بۆ ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە کردەوە، و پابەندبوونی دیمەشقی دووپاتکردەوە بە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی، و بەهێزکردنی سەقامگیری لە سوریا و ناوچەکەدا.
سەرۆکی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکەی تەدمور، کە هێزەکانی ئەمریکا و سوریا لە نزیک شاری تەدمور لە کاتی گەڕانێکی مەیدانی هاوبەشدا لە ڕۆژی شەممە ڕووبەڕووی بوونەوە، بێ وەڵام تێناپەڕێت.
هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کرد کە زیانێکی گەورە بەوانە دەگەیەنن کە هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا.
لە میانەی وتارێکیدا لە کۆشکی سپییەوە، جەختی کردەوە کە حکومەتی سوریا شانبەشانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە شەڕی کردووە.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە تۆماس براک، نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا، دوێنێ یەکشەممە جەختی کردەوە کە هێرشەکەی تەدمور بەردەوامیی مەترسی داعش لەسەر سوریا و جیهان دەسەلمێنێت.
و لە تویتێکدا لە ڕێگەی پلاتفۆرمی Xـەوە ڕایگەیاند، کە پلانی ئەمریکا پشت دەبەستێت بە بەتواناکردنی سوریا بۆ ڕاوەدوونانی داعش بە پشتیوانییەکی ئۆپەراسیۆنیی سنوورداری ئەمریکی.