پەیامی کورد... سەرۆکی هەواڵگریی ئەسەد و ئامۆزاکەی پلانی ڕاپەڕینی سوریا دادەڕێژن
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت لە ڕۆیتەرزەوە سەرۆکی هەواڵگریی ئەسەد لە مەنفا و ئامۆزا ملیاردێرەکەی لە ڕووسیاوە پلانی ڕاپەڕینی سوریا دادەڕێژن لە مەنفاکەیانەوە لە مۆسکۆ.
لێکۆڵینەوەیەکە تیشک دەخاتە سەر کە سەرۆکی پێشووی هەواڵگری "کەمال حەسەن" و "ڕامی مەخلووف"ـی کوڕەخاڵی ئەسەد، ملیۆنان دۆلار خەرج دەکەن لە هەوڵێکی کێبڕکێکارانەدا بۆ دروستکردنی هێزێکی شەڕکەر بە مەبەستی سەرکردایەتیکردنی شۆڕشێک لە درێژایی کەناراوەکانی سوریا.
لێکۆڵینەوەیەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە لایەنگرانی پێشووی بەشار ئەسەد، ئەوانەی دوای ڕووخانی دیکتاتۆرەکە لە سوریا هەڵاتوون، ملیۆنان دۆلار بۆ دەیان هەزار چەکداری دەگوازنەوە بەو هیوایەی ڕاپەڕین دژی حکومەتە نوێیەکە هەڵبگیرسێنن و بەشێک لە نفوزە لەدەستچووەکەیان بەدەست بهێننەوە.
بەپێی وتەی چوار کەسی نزیک لە بنەماڵەکە، ئەسەد کە لە کانوونی یەکەمی ڕابردوودا هەڵات بۆ ڕووسیا، تا ڕادەیەکی زۆر تەسلیمی ژیان بووە لە مەنفاکەی لە مۆسکۆ. بەڵام کەسایەتییەدیارەکانی دیکەی ناو بازنە نزیکەکەی، لە نێویاندا براکەی، بیرۆکەی لەدەستدانی دەسەڵاتیان قبووڵ نەکردووە.
ڕۆیتەرز بۆی دەرکەوتووە کە دوو لە نزیکترین کەسەکانی ئەسەد، کە ئەوانیش لیوا کەمال حەسەن و ڕامی مەخلووفی ملیاردێرن، کێبڕکێ دەکەن بۆ پێکهێنانی میلیشیا لە کەناراوەکانی سوریا و لوبنان، کە کەسانێک لە تایفەی عەلەوی لەخۆ دەگرن، کە لەمێژە پەیوەستن بە بنەماڵەی ئەسەدەوە. بەگشتی، ئەم دوو پیاوە، لەگەڵ گرووپە کێبڕکێکارەکانی دیکەی سەر دەسەڵات، تەمویلی زیاتر لە ٥٠ هەزار چەکدار دەکەن بەو هیوایەی وەلائیان بەدەست بهێنن.