پەیامی کورد- دیمەشق... هێرشێکی ئەمریكا بە هەڵە هاوکارێکی هێزەکانی حکومەتی سوریای لە دیمەشق کوشت
ئاژانسی "ئەسیۆشێتد پرێس"ی ئەمریكی، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، هێرشێک كە هێزەكانی ئەمریكا بە هاوکاری حكومەتی سوریا بە مەبەستی دەستگیركردنی بەرپرسێكی ڕێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئەنجامیانداوە، بووەتە هۆی کوژرانی پیاوێک کە بە نهێنی کاری دەکرد بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لەسەر ئەوانەی بە "توندڕەوەکان" وەسفی کردوون.
ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری بنەماڵەی خاوەن قوربانییەکە "خالید مەسعود" و بەرپرسانی سوریاوە گواستویەتیەوە، کە ئەو هێرشە لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو لە شاری "دومەیر"ی گوندەواری دیمەشق ئەنجامدراوە، بە هەڵە مەسعودی کردۆتە ئامانج کە لەگەڵ هەواڵگری سوریا کاری دەکرد و بۆ بەرژەوەندی حکومەتی سوریا سیخوڕی بەسەر ڕێکخراوی "دەوڵەت"ـەوە دەکرد.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا لە هەمان ڕۆژدا ڕایگەیاندبوو کە دەزگای هەواڵگری گشتی بە هاوکاری فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای گوندەواری دیمەشق، هەڵمەتێکیان بۆ سەر شوێنی شانەیەکی سەر بە ڕێکخراوی "داعش" لە ناوچەی "موعەزەمیەی قەلەمون" (نزیک دومەیر) لە باکووری پارێزگاکە ئەنجامداوە، ئەوەش دوای چاودێری ورد و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ جوڵەی "توخمە تیرۆریستییەکان"، بەپێی وەسفی خۆی.
بەپێی وەزارەتی ناوخۆ، ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی دەستگیرکردنی یەکێک لە ئەندامانی شانەکە، لەکاتێکدا دووەمیان لە کاتی هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی خۆی کوژرا، و سێیەمیان بەهۆی برینەکانیەوە لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکان گیانی لەدەستدا، هەروەها دەست بەسەر چەک و تەقەمەنی و پشتێنەی بۆمبڕێژکراودا گیرا.
یەکشەممەی ڕابردوو، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (CENTCOM) ڕایگەیاند، هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆی سوریا ١٥ حەشارگەی چەكی ڕێکخراوی "داعش"یان لە باشوور دۆزیوەتەوە و لەناویان بردوون.