شازادەی جێنشینی سعوودی پلانی بۆ وەبەرهێنانی یەک ترلیۆن دۆلار لە ئەمریکا ڕاگەیاند

Dîroka Belavkirin :
شازادەی جێنشینی سعوودی پلانی بۆ وەبەرهێنانی یەک ترلیۆن دۆلار لە ئەمریکا ڕاگەیاند


محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودی، دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەنیازیە وەبەرهێنانەکانی لە ئەمریکا نزیکەی یەک ترلیۆن دۆلار زیاد بکات.
محەممەد بن سەلمان لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی وتی: "ئێمە وەبەرهێنانمان هەیە لە سەرانسەری کەرت و بوارە جیاوازەکاندا کە ئێمە بە ئەمریکاوە دەبەستینەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمریکا وڵاتێکی گرنگە و ئابوورییەکی بەهێزی هەیە، گرنگە بۆ ئێمە وەبەرهێنان لەگەڵیدا بکەین لە کەرتە جیاوازەکاندا".
لایەنی تر، ترامپ ڕایگەیاند کۆبوونەوەیەکی "زۆر باش"ی لەگەڵ شازادە محەممەد بن سەلمان ئەنجامداوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە شانشینی عەرەبی سعوودی نزیکەی٦٠٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەکات، بەو هیوایەی ئەم بڕە بگاتە یەک ترلیۆن دۆلار.
لە کۆبوونەوەکەدا، ترامپ ئاماژەی بەوەدا کە شانشینی عەرەبی سعوودی باشترین چەک و کەرەستەی بەرگری سەربازی لە جیهاندا بەدەستدەهێنێت و ڕایگەیاند: "ئێمە ڕێککەوتنێکمان هەیە کە ڕێگە بە شانشینەکە دەدات فڕۆکەی جەنگی ئێف-٣٥ بەدەستبهێنێت".
لە بەشێکی دیکەدا، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە سعوودیە حەزی لە ئاشتییە لەگەڵ ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و هەموو ناوچەکە. ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە کارێکی زۆر لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام بدرێت و هەوڵەکانی سەرۆک ترامپی بەرەو ئاشتی بەرز نرخاند.