هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند "هەوڵەکانمان بۆ بەهێزکردنی توانای سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بووەتە سیستماتیک، و ڕێگە نادەین ژینگەیەک لە سوریا دروست بێت کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانیمان بکات".
لە میانی وتارەکەیدا بۆ لیژنەی پلاندانان و بودجەی پەرلەمانی تورکیا، لە تاوتوێکردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی حکومەتی ناوەندی بۆ ساڵی ٢٠٢٦، ئاماژەی بەوەدا کە "لە ماوەیەکی کورتدا پێشکەوتنی بەرچاو سەبارەت بە یەکخستنەوەی سوریا بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئەنجامی هەوڵەکانی تورکیا بەدەست هاتووە".
جەختیشی لەوە کردەوە کە سوریا "لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا وەک یەکەمایەتییەک" دەمێنێتەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە لە قۆناغی داهاتوودا "دەبێت ئاسایشی سوریا لەسەر بنەمای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی و یەکگرتوویی خۆی و پاککردنەوەی لە هەموو توخمە تیرۆریستییەکان و یەکخستنی هەموو گروپە چەکدارەکان لە ژێر چەتری سوپای یەکگرتوودا جێگیر بکرێت".
ناوبراو دووپاتی کردەوە "پێویستی دامەزراندنی ئیدارەیەکی گشتگیر کە نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی سوریا بکات، بە پاڵپشتی کاریگەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئاوەدانکردنەوەی وڵات، دەستەبەرکردنی گەشەسەندنی ئابووری، و گەرەنتیکردنی بەردەوامیی گەڕانەوەکان ئەولەویەتەکانی سەرەکیمان پێکدەهێنن".
ڕوونیشیکردەوە "هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ ئەمریکا و حکومەتی سوریا بەردەوامە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئازاری نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات".
فیدان هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "چالاکییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی قونەیترە و سوەیدا هێڵێکی نوێی گرژی لە باشووری سوریا پێکدەهێنن و بۆ ڕێگریکردن لە هەموو ئەم مەترسیانە، دەبێت هەوڵەکان بدرێت بۆ بەهێزکردنی توانای سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".