پەیامی کورد... عێراق لە خستنەناوی حیزبوڵڵا و حوسییەکان بۆ لیستی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان پاشگەز دەبێتەوە
لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان لە بانکی ناوەندیی عێراق،ئەمڕۆ پێنجشەممە، پاشگەزبوونەوەی خۆی لە بڕیاری بلۆککردنی پارەی "تیرۆریستان" ڕاگەیاند، کە لە نێوانیاندا "حیزبوڵڵای لوبنانی" و حوسییەکانی یەمەن هەبوون.
پێشتر لە ئەمڕۆدا، ڕۆژنامەی فەرمیی "وەقائیع"ی عێراقی بڕیارێکی بڵاوکردەوە کە لەلایەن "نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر"ی عێراقەوە دەرچووبوو، تێیدا هاتبوو: "پارە و سەرمایە گواستراوە و نەگواستراوەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکان بەهۆی بەشداریکردنیان لە ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی بلۆک کراون".
ئاژانسی هەواڵی عێراقی "واع"، لە زاری لیژنەکەوە گواستییەوە: "ڕەزامەندیی لایەنی عێراقی تەنها بۆ خستنەلیستی قەوارە و کەسە پەیوەندیدارەکان بە داعش و قاعیدەوە سنووردار بووە، و دانانی ناوی قەوارەکانی دیکە بەهۆی بڵاوکردنەوەی لیستەکە بووە پێش وردبینی و پێداچوونەوە، هەروەها ئەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقیدا بڵاوکراوەتەوە ڕاست دەکرێتەوە بە لابردنی ئەو قەوارە و حیزبانە لە لیستی قەوارە پەیوەندیدارەکان بە هەردوو ڕێکخراوی داعش و قاعیدە".
لیژنەکە وتیشی: "ئاماژە بە بڕیاری لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە، و تێیدا سڕکردنی پارە و سەرمایەی لیستێک لە قەوارە و کەسانی پەیوەندیدار بە هەردوو ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و قاعیدە هاتووە، لەسەر داوای دەوڵەتی مالیزیا و پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٠١، ژمارەیەک حیزب و قەوارەی تێدابوو کە پەیوەندییان بە هیچ چالاکییەکی تیرۆریستیەوە نییە".