فشاری بەپەلەی سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان بۆ سەر ترامپ؛ دانووستانە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا و ئێران لە عۆممان دەست پێدەكاتەوە
دوای ئەوەی چەند سەرکردەیەکی عەرەبی و موسڵمان ڕۆژی چوارشەممە داوایان لە ئیدارەی ترامپ کرد پاشەکشە بکات لە هەڕەشەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی دانووستانەکان، پلانی دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕۆژی هەینی لە عۆممان زیندوو بووەوە.
بەگوێرەی باراک ڕاوید، هەواڵنێری ئاکسیووس، دوو بەرپرسی ئەمریکی پشتڕاستیان کردەوە کە ووڵاتانی ناوچەکە پەیامی ئاست بەرزیان بۆ کۆشکی سپی ناردووە و داوایان لە ترامپ کردووە کۆبوونەوەکە لەگەڵ لایەنی ئێرانی هەڵنەوەشێنێتەوە. بەرپرسانی ئەمەریکا بە ئاکسیووس یان وتووە: “داوایان لێکردین کۆبوونەوەکە بمێنێتەوە و گوێ لە قسەی ئێرانییەکان بگرین، ئێمەش بە عەرەبەكانمان گوت ئەگەر پێداگری بکەن، کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدەین، بەڵام هێشتا زۆر دوودڵین”.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، لانیکەم نۆ ووڵاتی ناوچەکە لە ئاستە بەرزەکاندا پەیامیان بۆ ئیدارەی ترامپ ناردووە و داوایان لێکردووە چاوپێكەوتنەكە هەڵنەوەشێنێتەوە.
بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەی ترامپ لە کۆتایی دا ڕەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە "لەبەر ڕێزگرتن" لە داواکاری هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکا و "بە مەبەستی بەردەوامبوون لە ڕێڕەوی دیپلۆماسی" دەربڕیوە.